رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کارگێڕیی سلێمانی بڕیارێکی پارێزگاری پێشووتری سلێمانی هەڵوەشاندەوە، رێگەی دەدا بە تۆمارکردنی شووقە و خانوو بە هاووڵاتییانی عێراقی و بیانییەوە. پارێزەری دۆسیەکە دەڵێت، بڕیارەکە پشت بەستووە بە دەستووری عێراق.
ئومێد حەمەڕەشید، یەکێک لە پارێزەران و داواکارانی دۆسیەکەیە ئەمڕۆ چوارشەممە 21-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوای بڕیاری پارێزگاری پێشووترەوە خانوو و شوقە لە سنووری سلێمانی بەناوی هەموو کەسێکەوە دەکرا، تەنیا مەرج پشتگیرییەک و رێکارە ئەمنییەکان بوون، ئەمڕۆ دادگە ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە".
ئەو پارێزەرە دەڵێت: "داواکەی ئێمە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پێشوو پشت بەستووە بە دەستووری عێراق، هەمان بڕیار پێشتر لە پارێزگای نەینەوا جێبەجێ کراوە، کاتێک کەسێکی موسڵمان لە زیادکردنێکی ئاشکرادا ویستوویەتی زەوییەک لە ناوچەیەکی کریستیاننشین بکڕێ، بەڵام نەیتوانی بیکڕێ و ئێستاش هەمان بڕیار دادگەی فیدراڵیی عێراقیش پەسەندی کرد، بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکانیش دروستە، کە وەکو نەتەوەیەکی عێراق نەمانەوێت دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕدرێ".
دادگەی کارگێڕی لە سلێمانی کە سەر بە ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستانە، رۆژی چوارشەممە 21-10-2026 رایگەیاند، لەسەر داوای سێ کەس بە ناوەکانی ئومێد حەمەڕەشید محەممەد، بەناز محەممەد شەریف و شوانە عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، دانیشتنێکی دادگەکە بۆ داوالێکراو "پارێزگاری سلێمانی/ سەرباری کارەکەی، بریکاری فەرمانبەری یاسایی کاندیش یاسین محەممەدئەمین" بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دادگەکە، دادگەی کارگێڕی 21-10-2026 پێکهات بە سەرۆکایەتی دادوەر حوسێن محێدین تەهماس و بە ئەندامێتی دادوەران ئازاد ئەکرەم مەجید و قادر محەمەد نووری.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "داواکاران لەم داوایەدا بانگەشەی ئەوە دەکەن، پێشتر داوالێکراو/ سەرباری کارەکەی، بە فەرمانی ژمارە 6448ی رۆژی 6 / 6 / 2016 بڕیاریداوە بە؛ (تۆمارکردنی شووقە و خانوو بە ناوی هاوڵاتییانی عێراق و هاوڵاتیانی بیانی هاوشێوەی هاووڵاتیانی سلێمانی، بە پاساوی گەشەپێدانی بواری گەشتیاری و ئابووری) هەروەها دەڵێن؛ (ئەو فەرمانە هۆکار بووە بۆ کۆچی بە لێشاوی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی هاوڵاتیانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ پارێزگای سلێمانی، ئەمەش سەرەتایەکە بۆ شێواندنی پێکهاتەی خەڵکی رەسەنی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی؛ ئەم رەوشەش پێچەوانەی ئامانجەکانی دەستوورە لە رێگریکردن لە گۆڕانکاری دیمۆگرافی و پێشێلکردنی مافە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان)".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە لە زاری داواکارانەوە، "دەستوور لە مادەی 23 بە شێوەیەکی رەها هەر جۆرە خاوەندارێتییەکی قەدەخە کردووە بە ئامانجی گۆڕانکاری دیمۆگرافی ئەنجام بدرێت لە کاتێکدا هێشتا ماددەی 140ی دەستوور جێبەجێ نەکراوە. هەروەها لە داوانامەکەیاندا دەڵێن؛ (پارێزگار ئەو دەسەڵاتەی نییە لە کاتێکدا ئەو/ سەرباری کارەکەی تەنیا دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەیە لە پارێزگاکەدا، پێدانی مافی خاوەندارێتی خانووبەرەش پرسێکی یاساییە و ئەرکی دەسەڵاتی یاسادانانە ئەو بابەتە رێکبخات)".
داواکارەکان لە رێگەی داواکەیانەوە بۆ دادگەی کارگێڕیی سلێمانی، داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری تۆمارکردنی خانوو و شووقەیان لە سلێمانی بە ناوی هاووڵاتییانی عێراقی و بیانییەوە کردووە. راشیانگەیاندووە: "بەو پێیە ئەو فەرمانەی داوالێکراو دەریکردووە هیچ پشتیوانییەکی یاسایی نییە، لەڕووی کارگێڕیشەوە بێنرخ و نەشیاوە و شیاوی هەڵوەشاندنەوەیە".
دادگەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، بە شێوەی یاسایی داوالەسەرکراوان ئاگادار کراونەتەوە بۆ دانیشتنی دادگە، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون. بۆیە "بە ئامادەبوونی ئەندامی داواکاری گشتی جێگرەوە، بەهانەدین حەمەسەعید ساڵح دەستکرا بە دادبینی پاشملەی ئاشکرا، تێیدا داواکاران نێوەڕۆکی داوانامەکەیان دووپات کردەوە و رایانگەیاند، سەرباری ئەوانەی لە داوانامەکەیاندا ئاماژەیان پێداوە، یاسای راماڵینی ئاسەوارە بەزۆر سەپێنراوەکانی بەکارخستنی سیاسەتی پاکتاوکاری رەگەزی (بە عەرەبکردن) لە کوردستانی عێراق بە ژمارە 19 ی ساڵی 2003 ی پەرلەمانی کوردستان دەکەن بە پاڵپشت بۆ ئەم داوایە بەوەی دەقەکانی ئەو یاسایەش رێگرە لە دەرکردنی ئەو رێکارەی لە فەرمانە تانەلێدراوەکەدا هاتووە. لە دادبینی رۆژی 2-9-2026 بریکاری داوالێکراو، فەرمانبەری یاسایی/ کاندیش یاسین محەمەدئەمین ئامادەبوو".
بە پشتبەستن بە چەند خاڵێکی دیکە، دادگەی کارگێڕیی سلێمانی رایگەیاندووە: "بینرا مەرجەکانی ماددەی 17ی یاسای ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستان ژمارە 14 ی ساڵی 2008 لە داوای داواکاراندا هەیە، بەو پێیە بینرا داواکە لەماوەی یاساییدا تۆمار کراوە، بۆیە لەرووی شێوازەوە وەرگیرا".
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەی دادگەدا هاتووە: "لەبەر ئەوەی پارێزگاری سلێمانی/ سەرباری کارەکەی چی لە یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ژمارە 3ی ساڵی 2009 وە چی لە یاسای تۆمارکردنی خانووبەرە ژمارە 43ی ساڵی 1971ی هەموارکراوی بەکاردا ئەو دەسەڵاتەی پێنەدراوە فەرمان دەربکات بۆ دیاریکردنی ئەو کەسانەی خانووبەرەیان لەسەر تۆمار ئەکرێت یان تۆمار ناکرێت، بۆیە دەرکردنی فەرمانی تانەلێدراو ژمارە 6448 لە 6-6-2016 هیچ پاڵپشتیەیکی یاسایی نییە، وە ئەوەیشی لە سەرەتای فەرمانە تانەلێدراوەکەدا هاتووە؛ (پاش دیراسەکردنی راوبۆچوونی خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکان و لە پێناو گەشەپێدانی بواری گەشتیاری و ئابووری لە پارێزگای سلێمانی و کارئاسانی بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و بیانی و پابەندبوون بە دەستووری عێراق و ئاماژە بە پێشنیاری ژووری بازرگانی سلێمانی، بڕیارماندا بەوەی ئەم سەرەتایە بۆ دەرکردنی ئەو فەرمانە ناکرێت جێگەی دەقی یاسایی بگرێتەوە".
لە راگەیێندراوەکەدا دادگەی کارگێڕیی سلێمانی ئاماژەی بە بڕیارەکەیان کردووە و رایگەیاندووە: "لەبەر ئەوەی داوای داواکاران پشتگیری یاسایی هەیە. لەسەر داوا، دادگە بەکۆڕا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانەکەی پارێزگاری سلێمانی/ سەرباری کارەکەی ژمارە 6448 لە6-6-2016، هەروەها بڕیاردرا تێچووی داواکە بخرێتە سەر داوالێکراو/ سەرباری کارەکەی".
لە کۆتایی ئەو راگەیێندراوەدا هاتووە: "ئەم بڕیارە بە شێوەی ئاشکرای رووبەڕوو دەرکراوە پشتبەست بە ئەحکامی مادەکانی 13 و 17 لە یاسای ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان ژمارە 14ی ساڵی 2008، وە ماددەکانی 161، 166 و 203 لە یاسای دادبینیە شارستانییەکان و 22 لە یاسای سەلماندن، کە بڕیارەکە شیاوی پێداچوونەوەیە. بە ئاشکرا راگەیەنرا لە 21 / 10 / 2026".
بڕیارەکەی پارێزگاری پێشووتری سلێمانی
لە 06-06-2016، د. ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری ئەوکاتەی سلێمانی لە "فەرمانێک"دا رایگەیاند: "ئاماژە بە کۆنووسی کۆبوونەوەی رۆژی 02-06-2016 تایبەت بە دیراسەکردنی پێشنیاز و راوبۆچوونی خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکان و لە پێناو گەشەپێدانی بواری گەشتیاری و ئابووری لە پارێزگای سلێمانی و کارئاسانی بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و بیانی و پابەندبوون بە دەستووری عێراق" بڕیار درا بە دەرکردنی چوار خاڵ بۆ تۆمارکردنی شوقە و خانوو.
خاڵەکان ئەمانەبوون:
- تۆمارکردنی شوقە و خانوو بەناوی هاووڵاتییانی عێراق و هاووڵاتییانی بیانی هاوشێوەی هاووڵاتییانی سلێمانی، بەمەرجێک رەزامەندیی لایەنی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی وەربگیرێت.
- بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی سلێمانی (یەک و دوو) هەڵدەستن بە ئاسانکردنی جێبەجێکردنی خاڵی یەکی سەرەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی پارێزگار.
- پێویستە لایەنی ئاسایشی سلێمانی رەزامەندی بدات بەپێی رێنماییەکانی تایبەت بە خۆیان.
- ئەم فەرمانە جێبەجێ دەکرێت لە رێککەوتی دەرچوونییەوە.


