رووداو دیجیتاڵ
بۆ ساڵی دووەم شاندی فیدراسیۆنی شاخەوانیی
كوردستان (KMCF ) بەشداری
كونگرەی لووتكەی شاخەوانی و سیمپۆزیۆمی راهێنانی تەكنیك و سەلامەتی دەكات، کە لە
نیپاڵ بەڕێوە دەچێت.
هێمن ئەمین مەنسور، سکرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی
كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت، کۆنگرەکە لە شاری كەتماندۆ بەڕێوەدەچێت
و "گەورەترین كۆبوونەوە و دیداری شاخەوانی، رەوەزەوانی و پیشەگەرانەیە لە سەر ئاستی جیهان كە نوێنەرانی نزیكەی 97 وڵات و دامەزراوەی شاخەوانی
بەشداریی تێدا دەکەن."
لەم لووتكە جیهانیەدا، هەڵبژاردن و پێداچوونەوەی رێكخراوەیی، دارشتنەوەی
ستراتیژیی ساڵانە، رێكخستن و هەمواركردنەوەی رێسا و یاسا شاخەوانییەكان دەکرێت.
هێمن ئەمین مەنسور دەڵێ: "فیدراسیۆنی
شاخەوانیی كوردستان جگە بەشداری و رۆڵی كارای لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق و ئەندامێكی
كارایی وڵاتانی ئاسیا، هاوكات كاری كردووە لە سەر جێگیركردنی نەخشەی شاخەوانیی چیاكانی
كوردستان و زمانی كوردیشی خستووەتە ناو زمانەكانی شاخەوانیی جیهانی لە هەموو بڵاوكراوە
و دروشمێكی كونگرەكە."
خراپیی پاسپۆرتی عێراقی کێشەی دروست کردووە
هێمن ئەمین مەنسور دەڵێ، جێگەی نیگەرانییە
كە بەهۆی خراپیی ئاستی پاسپۆرتی عێراقی، سیستمی ڤیزەی نیپاڵ ناتوانرێ ژمارەی ئەندامانی
شاندی نوێنەرایەتیی شاخەوانانی كوردستان زیاد بكرێ، بەڵام هەوڵ دەدرێت بۆ ساڵانی
داهاتوو ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێ .
دروستکردنی ئەپێک بۆ شاخەوانی
سکرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان دەڵێ:
"بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای روانگە، لە داهاتوویەكی نزیك ئەپێكی شاخەوانی و
بە كوردیكردنی کتێبی شاخەوانیی جیهانی UIAA بە
زمانی كوردی پێشكێشی
شاخەوانانی كوردستان دەكەین."
فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان (KMCF ، ساڵی 2005 دامەزراوە، وەکو سکرتێرەکەی
دەڵێ: "هەمیشە پاڵـــشت بە ئەزموون و شارەزایی
ناوەوە و دەرەوەی كوردستان، تێمێكی خۆبەخشی بەهێز بەردەوام بووە لە پرۆسەی پەرەپێدان
و گەشەی پیشەگەرانەی شاخەوانی."


