رووداو دیجیتاڵ
تەرمی دوو لەو منداڵانەی لە ئاوەکانی تورکیا خنکان، بڕیارە سبەی بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان. خاڵێکیان دەڵێت، هێشتا تەرمی یەکێک لە خوشکەزاکانی نەدۆزراوەتەوە.
14ـی ئەم مانگە لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یۆنان، بەلەمێکی چووپی کۆچبەران لە رووباری مەریچ لە تورکیا نقوم بوو بەهۆیەوە سێ منداڵی کورد کورد خنکان، بەڵام دایک و باوکیان رزگاریان بوو.
بەرزان رەزا، خاڵی منداڵەکان ئەمڕۆ سێشەممە 27-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ تەرمەکانمان رادەست دەکرێتەوە و دەگەیێندرێنە ئیستەنبوول و سبەی کاژێر 05:30ـی بەیانی دەگەنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر".
کۆچبەرەکان هەشت کەس بوون و ویستوویانە لە شاری ئەدیرنەی تورکیاوە خۆیان بگەیێننە یۆنان، پێکهاتبوون لە خێزانێکی پێنج کەسی (دایک و باوک و سێ منداڵەکەیان) و سێ گەنجی دیکە بوون، کە ئەوانیش خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.
دوای رووداوەکە تەرمی دوو لە منداڵەکان دۆزرانەوە و رەوانەی دادپزیشکیی ئەدیرنە کران لە تورکیا، بەڵام تەرمی منداڵەکەی دیکە نەدۆزرایەوە. بەرزان رەزا گوتی: "تاوەکو ئێستاش چارەنووسی نادیارە".
مێلا رەشید، هەریاد و هەستیاری برای ئەو سێ منداڵە بوون کە لە رووداوەکەدا خنکان و تاوەکو ئەمڕۆ تەرمی هەستیار نەدۆزراوەتەوە.
