رووداو دیجیتاڵ
هادی ئیلیاس، گوتەبێژی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) وردەکاریی رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراق، پرسی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانیان و تێکەڵبوونیان بە سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بۆ رووداو ئاشکرا دەکات.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو چەکدارانەی بڕیارە لەنێو هێزە فەرمییەکانی عێراق دا تێکەڵ بن، هادی ئیلیاس روونیکردەوە کە کۆی گشتیی ژمارەی چەکدارەکانیان نزیکەی 5000 کەسە، بەڵام بە دەرکردنی کەسانی بەتەمەن و بریندار، لانیکەم 4500 چەکدار ئامادەن بچنە نێو سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکەوە.
ئەم هەنگاوە دوای 12 ساڵ لە دامەزراندنی یەبەشە و یەکینەکانی ژنانی شنگال (یەژەشە) دێت.
هادی ئیلیاس دابەشبوونی هێزەکانیانی بەم شێوەیە باس کرد:
شەڕڤانی یەبەشە: زیاتر لە 3000 کەس.
یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدخان: 750 بۆ 800 چەکدار.
سەبارەت بە چارەنووسی چەکدارە شەڕڤانەکان (یەژەشە)، گوتەبێژی یەبەشە گوتی، "ژنەکان لە سەرەتاوە لە هێڵی پێشەوەی شەڕدا بوون و دەیان شەهیدیان داوە. لە هەر شوێنێک یەبەشە جێی خۆی بگرێ، ژنانیش لەوێ لەنێو هێزەکاندا دەبن؛ هەروەها بەشێکیان لەنێو پۆلیسی کۆمەڵایەتیدا دەبن. هەروەها بەپێی رێککەوتنەکە، فەرماندە ژنە پلە باڵاکانیش لەنێو هێزە ئەمنییەکاندا جێگەی خۆیان دەگرن."
هادی ئیلیاس ئاماژەی بەوەدا کە لە مانگی شوباتەوە کۆبوونەوەی راستەوخۆیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق بووە و گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
بە گوتەی هادی ئیلیاس، یەکخستنەوەکە کارێکی ئاسایی نییە، چونکە ئەو هێزانە لە ساڵی 2014وە خاوەنی مێژوویەکی شەڕن و لەو کاروانەدا لەنێوان 530 بۆ 600 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و هەزاران برینداریشیان هەیە. بۆیە پرۆسەکە هەنگاو بە هەنگاو بەڕێوەدەچێت، چەکدارەکان راهێنانیان پێدەکرێ و چاوەڕوان دەکرێت تەواوکردنی رێککەوتنەکە تاوەکو ساڵێک بخایێنێت.
لەسەر پرسی مووچە و مافی چەکداران، گوتەبێژی یەبەشە باسی لەوە کرد، لەگەڵ قۆناخی یەکخستنەوەکەدا ماف و ئەرکی چەکدارەکان بە تەواوی وەک سەرباز و فەرمانبەرانی دەوڵەتی عێراق دەبێت و مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دابین دەکرێت و لە مافی خانەنشینیش سوودمەند دەبن.
سەبارەت بە چەکی قورس، هادی ئیلیاس گوتی، چەکی ستراتیژی یان مووشەکی قورسیان نییە؛ ئەو چەکانەی لەبەردەستیاندایە چەکی تاکەکەسی و مامناوەندن (وەک دۆشکە، بیکەیسی و ئاڕ پی جی) کە ئەوانیش لە چوارچێوەی لیوا و فەوجە نوێیەکانی سوپای عێراقدا بۆ پاراستنی ناوچەکە دەمێننەوە.



.jpg&w=3840&q=75)