رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، نابێت رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی 2027 بەم شێوازەی ئێستای لە بەغدا بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵکو دەبێت پێداچوونەوەی وردی بۆ بکرێت و پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای 14.14٪ـی دانیشتووان و بەپێی دوا سەرژمێریی گشتی جێگیر بکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کۆبووەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا شاندی دانوستاندنکار راپۆرتی خۆی لەسەر دوا گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە مادەی 10ـی رەشنووسی بودجەی 2027 و سەردانی شاندی باڵای وزەی عێراق خستەڕوو.
دوای تاوتوێکردنی دۆسیەکان، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و ماف و شایستە داراییەکانی بە دەستوور پارێزراون، بۆیە پێویستە بودجەی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، دادپەروەری و هاوبەشیی راستەقینە بێت، نەک بە بڕیار و رێکاری تاکلایەنەی حکومەتی فیدراڵ.
داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027ـدا:
دیاریکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای رێژەی (14.14٪)ـی دانیشتووان، پشتبەست بە ئەنجامی دوایین سەرژمێریی گشتی.
پێداچوونەوە و راستکردنەوەی ئەو بڕگە و خشتانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کە مافەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل دەکەن.
رێگری لە خستنەدەنگدانی رەشنووسەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ پێش جێگیرکردنی شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواستووە کە پرۆژەیاسای بودجەی 2027 لە سەردەمی کابینەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا ببێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەری ریشەیی، نەک دووبارەبوونەوەی ناکۆکییەکانی ساڵانی رابردوو.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوەش کردەوە، هەموو داتا و زانیارییەکان بە شەفافی دراونەتە بەغدا و وردبینیی هاوبەش کراوە، بۆیە "ناکرێت پشت بە بانگەشەی بێ بنەما ببەسترێت و مەرجی تاکلایەنە لە بودجەدا بسەپێندرێت." لە کۆتاییشدا پشتیوانیی تەواوی بۆ شاندی دانوستاندنکار دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامیی گفتوگۆکان تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە.
_(1).jpg&w=3840&q=75)


