رووداو دیجیتاڵ
محەممەد سەمعان، وەزیری دەوڵەت رایگەیاند، بە رێککەوتنێکی سیاسی، پۆستی پارێزگاری کەرکووکیان وەرگرتووە و هەتاوەکو کۆتایی ئەو وادەیە پۆستەکە بۆ تورکمان دەبێت و گوتیشی: "ئێمە نە رۆژێک زیاترمان لە رێککەوتنێکی سیاسی دەوێت نە رۆژێک کەمتر قبووڵ دەکەین".
ئەو گوتانەی محەممەد سەمعان کە هێشتا بەفەرمی دەستی لە پۆستی پارێزگای کەرکووک نەکشاندووەتەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بوو کە چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2026 لە کەرکووک کرا.
محەممەد سەمعان گوتى: "ئێمە بە رێککەوتنێکی سیاسی هاتبووین کە رێککەوتنێکی روونە، بەرکەوتەی دەستوور و وادەی دیاریکراوی هەیە کە هەتاوەکو کۆتایی ئەو وادەیە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ تورکمان دەبێت".
لە 14ی تشرینی یەکەم محەممەد سەمعان کە هاوکات سەرۆکی بەرەی تورکمانییە وەک وەزیری دەوڵەت لە حکومەتی ئێستای عێراق متمانەی وەرگرت، بەڵام بەفەرمی دەستی لە پۆستی پارێزگای کەرکووک نەکێشاوەتەوە.
محەممەد سەمعان گوتى: "من دەستلەکارکێشانەوەم پێشکێش دەکەم هەرکاتێک ئەنجوومەنی پارێزگا کۆببێتەوە بۆ دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە پێکهاتەی تورکمان، ئێمە نە رۆژێک زیاترمان لە رێککەوتنێکی سیاسی دەوێت نە رۆژێک کەمتر قبووڵ دەکەین".
لە 16ی نیسانی ئەم ساڵەوە محەممەد سەمعان لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە وەک پارێزگاری شارەکە هەڵبژێردرا لە جێگەی رێبوار تەها کە لە ساڵی 2024وە ئەو پۆستەی بەدەستەوە بوو، ئەوەش بەگوێرەی رێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەو لایەنە عەرەبیانەی بەشدارن لە حکومەتی خۆجیی شارەکە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەوەی بەربژێریان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک هەیە، محەممەد سەمعان گوتى: "بەڵێ بەدڵنیاییەوە، ئێمە هەرکاتێک بێت ئامادەین بۆ پۆستی پارێزگار و چاوەڕێی برادەرانین کە بەتەواوی پابەند بن بە رێککەوتنی سیاسی".



