رووداو دیجیتاڵ
ئاهەنگێکی گەرموگوڕی دەرچووانی زانکۆی نۆڵج بەڕێوەچوو؛ دەست لە ناو دەست و بە هەڵپەڕکێ و شادی، بەخۆشیی گەیشتنیان بەو ڕۆژەی کە چەندین ساڵە کۆششی بۆ دەکەن، خۆشییان دەربڕی.
ئیسرا یەکێک لە دەرچووانە؛ ئەم خانمە دەبێتە پزیشکی دەرمانساز و وەک خۆی دەڵێت، خەونی گەورەی پور و دایکی بەدیهێناوە.
ئیسرا بورهان، دەرچووی پزیشکیی دەرمانسازی لە زانکۆی نۆڵج بە رووداوی راگەیاند: "بۆ من زۆر زۆر خۆش بوو، چونکە بە دڵی خۆم بەشەکەم هەڵبژارد. ئێستا کاتێک گوتارەکەیان دەدا گریانم دەهات و دەمگووت تەواو ئەو ڕۆژانە نەما، بەس پشت بەخودا لە بەشێکی دیکە یان لە ماستەر دەستپێدەکەینەوە. پلانم خوێندنی ماستەرە، تازە پورم هەڕەشەی لێدەکردم و دەیگووت لە ئێستاوە بەڵێنی خوێندنی ماستەرم پێدەدەیت."
سنوور سوارە، دایکی ئیسرا بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ خۆشترین ڕۆژە لە ژیانمدا کاتێک دەبینم کچەکەم دەرچووە؛ دڵم زۆر خۆشە، کاتێک بینیم لێرە تێدەپەڕی دەستمکرد بە گریان."
ئەمە خولی ١٤یەمی دەرچووانی زانکۆکەیە؛ 492 خوێندکار لە 6 کۆلێژ و 10بەشدا بە دروشمی "زانست و هێز لای ئێمەیە" بڕوانامەیان وەرگرت.
ئاڵا فەرهاد، دەرچووی زانکۆی نۆڵج بە رووداوی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر زۆر تایبەتە، ئەنجامی ماندووبوونی 16ساڵ خوێندنە و زۆر زۆر دڵخۆشم."
ژیا کامەران، دەرچوویەکی دیکەی زانکۆکە بە رووداوی راگەیاند: "بەدڵنیاییەوە خۆشترین ڕۆژە و رەنجی چەند ساڵەمان بەهەدەر نەچوو؛ ئەو ڕۆژەمان دیت و خێزانەکەمان ئەو ڕۆژەیان دیت."
سەرکەوت سابیر، دەرچووی زانکۆی نۆڵج بە رووداوی راگەیاند: "دەستخۆشی لە هەموویان دەکەین؛ لە مامۆستاکان و لەوانەی لێرە دانیشتوون، بەڕاستی ماندوو بوون بە دەستمانەوە."
سوپڕایزی ئەمشەوی زانکۆی نۆڵج بەخشینی ئۆتۆمبێلێک بوو بە کچە خوێندکارێکی دەرچوو لە کۆلێژی زانست بەشی شیکاریی نەخۆشییەکان، کە یەکەمی سەر ئاستی هەموو زانکۆکە بوو.
هەر لە رێوڕەسمەکەدا زانکۆ رایگەیاند کە یەکەم، دووەم و سێیەمی سەر بەشەکان لە زانکۆ دادەمەزرێننەوە.
دەشتی حاجی نەجمەدین، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی نۆڵج بە رووداوی راگەیاند: "هەندێک دەنگۆ هەبوو لەسەر قوتابییانی زیاد لە زانکۆی نۆڵج، ئێمە دەتوانین رەدی ئەو پەڕانە بدەینەوە؛ ئەم ئاهەنگە و ئەم ستافەی هەمانە وەڵامێکە بۆ ئەوان. ئێمە بەڕاستی زانکۆی نۆڵج تەواو تەواو پێداچوونەوەمان بۆ کردووە و باشترین ستافی هەیە."
زانکۆی نۆڵج زانکۆیەکی تایبەتە و لە ساڵی 2009ەوە لە شاری هەولێر دامەزراوە.



