رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رەخنە لە شێوازی دابەشکردنی بودجەی گشتیی عێراق دەگرێت و رایدەگەیێنێت، پشکی هەرێمی کوردستان کەمترە لە 6%ی کۆی گشتیی بودجە، لە کاتێکدا تەنیا بودجەی حەشدی شەعبی نزیکەی نیوەی پشکی هەرێمی کوردستانە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە سیمینارێکدا لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر، دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، تیشکی خستە سەر نادادپەروەری لە یاسای بودجەی 2027ـی عێراق و رایگەیاند: "وەزیری دارایی عێراق بەبێ پرس و راوێژ، یاسایەکی بودجەی هێناوە کە کۆی گشتییەکەی 217 تریلیۆن دینارە. لەم بڕە پارەیە، 76 تریلیۆن دیناری تەنیا بۆ خەرجییە سیادییەکان داناوە."
عەبدولحەکیم خەسرۆ، ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆی گشتیی بودجەکە، تەنیا 13 تریلیۆن دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە، کە "کەمترە لە 6%ی کۆی بودجەی گشتی."
سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون، وردەکاریی بەشێک لە خەرجییە سیادییەکانیشی خستەڕوو و گوتی: "22 تریلیۆن دینار بۆ هاوردەکردنی وزە و سووتەمەنی تەرخانکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە عێراق خۆی وڵاتێکی نەوتییە. هەروەها 10 تریلیۆن دینار بۆ گەڕی مۆڵەتپێدانەکان و 18 تریلیۆن دیناریش بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان دانراوە."
عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەراوردی نێوان بودجەی حەشدی شەعبی و پشکی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "تەنیا حەشدی شەعبی، کە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق و لاریمان لەوە نییە، نزیکەی 5 تریلیۆن دیناریان بۆ دیاریکراوە، کە نزیکەی 50%ی کۆی بودجەی هەرێمی کوردستان دەکات."
بەپێی سەرژمێری دانیشتووان کە لە 2024دا کرا، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.14%ی دانیشتووانی عێراقە، بەڵام لە رەشنووسی بودجەدا پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.68% دیاری کراوە. ئەمەش خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدایە لە پرسی بودجەدا.



