رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەک لە گوندی (سەیحە)ی سەر بە قەزای حەویجەی پارێزگای کەرکووک رفێندرا. قایمقامی قەزاکە دەڵێ: "کەس نازانێ کێ رفاندوویەتی".
سەعدون ئەحمەد، قایمقامی قەزای حەویجە، رۆژی هەینی، 30ـی تشرینی یەکەمی2026، بە رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە درەنگی شەوی چوارشەممە (29ی تشرینی یەکەمی 2026) روویداوە. کۆمەڵێک کەس هاتوونەتە نێو گوندەکە و ئەو هاووڵاتییەیان بۆ شوێنێکی نادیار رفاندووە".
قایمقامی قەزای حەویجە راشیگەیاند: "تائێستا نەزانراوە چ لایەنێک لە پشت رفاندنی ئەو هاووڵاتییەیە". گوتیشی: "هاووڵاتییەکە جگە لە جووتیاری هیچ پیشەیەکی دیکەی نییە".
هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە لێکۆڵینەوەیان لە وردەکاریی رووداوەکە دەستیپێکردووە، تاوەکو چارەنووسی هاووڵاتییە رفێنراوەکە بزانن.
قەزای حەویجە، کە نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای شاری کەرکووکەوە دوورە، یەکێکە لەو ناوچانەی کە هێشتا شانە نووستووەکانی داعشی تێیدا ماون.
ئەم چەکدارانە زۆرجار سوود لە بۆشاییە ئەمنییەکان و ناوچە کشتوکاڵییەکان وەردەگرن بۆ کردەکانیان، بەتایبەت لەو کاتانەی کە کەشوهەوا نالەبارە و چاودێرییە ئاسمانی و زەوینییەکان وەک پێویست کار ناکەن.


