رووداو دیجیتاڵ
کێشەی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی ئامەد بەهۆی خراپی کەشوهەوا بەردەوامە. بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی پارێزگاکانی دیکە دەگوازرێنەوە. پەرلەمانتارە کوردەکەی پارتی نوێ (یەنی پارتی) رەخنە لە حکومەت دەگرێت بەوەی ئامێری نیشتنەوەی ئەلیکترۆنی بۆ فڕۆکەخانەکە دانەمەزراندووە.
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەزگین تانریکوڵو، رەخنەی لە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا گرت لەبارەی دواکەوتن و گۆڕینی ئاراستەی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی ئامەد و رایگەیاند، وەزارەت بەڵێنی دابوو سیستمی ئەلیکترۆنیی نیشتنەوە (ILS) لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026 دابمەزرێنێت، بەڵام هێشتا ئەو بەڵێنەی جێبەجێ نەکردووە.
تانریکولو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبەردەم فڕۆکەخانەی ئامەد گوتی، "پار بەهەمان شێوە کێشەیەکی زۆر قورسمان هەبوو. رێڕۆی سەرەکیی فڕۆکەخانە بۆ نۆژەنکردنەوە گیرا، بەڵام دەرکەوت کە رێڕۆی یەدەگ ئامێری پێویستی سیستمی نیشتنەوەی ئەلیکترۆنی (ILS) تێدا نییە. بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە، سەتان گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنرانەوە یان ئاراستەیان بۆ شارەکانی دیکە گۆڕدرا و گەشتیاران تووشی زیانێکی گەورە بوون."
پەرلەمانتارەکەی پارتی نوێ (یەنی پارتی) ئاماژەی بەوەش کرد، لەو کاتەدا پرسیاری ئاراستەی وەزیری گواستنەوە و ژێرخان کردووە و لە وەڵامدا عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو رایگەیاندبوو پێشبینی دەکرێت ئامێری ILS لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026 دابنرێت.
تانریکولو گوتی، "نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 کەی کۆتاییهات؟ ئەمڕۆ 31ی تشرینی یەکەمە. چوار مانگ بەسەر نیوەی یەکەمدا تێپەڕیوە، بەڵام ئامێری ILS هێشتا دانەمەزراوە."
سەزگین تانریکوڵو جەختی لەوەش کردەوە، "ساڵی رابردوو پرسیاری تێچووی ئەم ئامێرەشم کرد. باس لەوە کرا کە نزیکەی 1 ملیۆن دۆلارە. کەواتە کێشەکە پارە نییە. کێشەکە ئەوەیە کە ئەم فڕۆکەخانەیە لە ئامەدە. کێشەکانی ئامەد بەبێ خاوەن بەجێهێڵدراون، پلانی پێویست لە کاتی خۆیدا جێبەجێ ناکرێت و کەس بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆ ناگرێت."
لە کۆتاییدا، تانریکوڵو جارێکی دیکە رووی دەمی لە وەزیر کرد و گوتی، "بۆچی ئەمڕۆ فڕۆکەکان ناتوانن لە ئامەد بنیشنەوە؟ هۆکاری ئەم دواکەوتنە چییە؟ کێ بەرپرسە؟ ئەرکی ئێوەیە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کێشەکان بکەن و رێکاری پێویست بەرامبەر بەرپرسان بگرنەبەر. ناتوانن لەمە رابکەن. خەڵکی ئامەد و گەشتیاران لەگەڵ ئەم زیانەدا بەجێمەهێڵن. بەڵێنەکەتان جێبەجێ بکەن، دەستبەجێ چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە و رای گشتی ئاگادار بکەنەوە."
سێ رۆژە لە ئامەدی باکووری کوردستان بارانی بەخوڕ دەبارێت. بەهۆیەوە زیاتر لە 18 گەشتی ئاسمانیی هەڵوەشاونەتەوە و دەیان گەشتی دیکەش ئاراستەکانیان بۆ پارێزگاکانی دیکە گواستراونەتەوە.
فڕۆکەخانەی ئامەد لە ساڵی 1952 کراوەتەوە و بۆ هەردوو بواری شارستانی و سەربازی بەکاردەهێنرێت.
بەپێی داتاکانی ساڵی 2025، پێشوازی لە زیاتر لە 2.2 ملیۆن گەشتیار کردووە کە لە رێگەی هێڵەکانی ئاسمانیی نێوخۆ و دەرەوە فڕۆکەخانەی ئەو شارەیان بەکارهێناوە


