رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە زیندانەکانی سنووری پارێزگای کرماشان، 22 زیندانی لە رێگەی ئاسانکاریی یاساییەوە ئازاد بکرێن. سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە دەڵێت، کار بۆ گواستنەوەی زیندانەکانی کرماشان دەکرێ بۆ شوێنێکی گونجاوتر.
ئەمڕۆ شەممە کیومەرس ئەمیرخانی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەکاتی بەسەرکردنەوەی یەکێک لە چاکسازییەکانی پارێزگاکە رایگەیاند: ''پێویستە بە کەڵکوەرگرتن لە توانا یاساییەکان، دەرفەتی سوودمەندبوونی زیندانییە شایستەکان لە ئاسانکاریی یاسایی دەستەبەر بکرێ''.
بەگوتەی کیومەرس ئەمیرخانی، بڕیار دراوە 22 زیندانیی شایستە، لە رێگەی ئاسانکاریی یاساییەوە، لە زیندانەکانی کرماشان ئازاد بکرێن کە 20ـیان ''مۆڵەتی کۆتاییهاتنی زیندانی''ـیان پێدەدرێت و دووانیشیان بە بارمتە ئازاد دەبن.
مۆڵەتی کۆتاییهێنان بە بەندکران بەو واتایە دێت کە بەندکراوێک بە ناوی مۆڵەتەوە لە زیندان دێتە دەرەوە، بەڵام ئیدی پێویست ناکات بگەڕێتەوە و راستەوخۆ دەبێتە کەسێکی ئازاد، چونکە مۆڵەتەکەی لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی تەواو دەبێت.
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی کرماشان بەبێ ئاماژەدان بە هۆکاری بەندکرانی ئەو زیندانییانەی ئازاد دەکرێن گوتی: ''هەندێک جار ئازادکردنی ژنێکی زیندانی دەتوانێت ببێتە هۆی گەڕانەوەی خێزانێک بۆ ژیانی ئاسایی و پێشگرتن لە چەندین زیان و کێشەی کۆمەڵایەتی''.
یەکێک لە زیندانە سەرەکییەکانی سنووری پارێزگای کرماشان، زیندانی ماهیدەشت (قەیماس)ـە کە جیا لە شوێنی راگرتنی بەندکراوان، چەندین کارگەی لەخۆگرتووە و زیندانییان دەتوانن کاری تێدا بکەن. ئەمیرخانی لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو: ''شوێنی زیندانەکە گونجاو نییە و کەسوکاری بەندکراوان لەکاتی سەردانیکردندا، ناچارن رێگەیەکی زۆر ببڕن''.
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی کرماشان گواستنەوەی زیندانەکانی پارێزگاکە بەتایبەتی زیندانی ماهیدەشت بۆ شوێنێکی گونجاوتر بە پێویست دەزانێت و دەڵێت: ''بەدواداچوون بۆ بڕیاری سەرۆکی دەسەڵاتی دادی وڵات دەکرێ سەبارەت بە گواستنەوەی زیندانەکانی پارێزگا. ئەم هەنگاوە جیا لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئەمنی و ئاسانکاری لە بەڕێوەبردندا، کێشەی هاتووچۆی کەسوکاری زیندانییانیش کەم دەکاتەوە''.
کیومەرس ئەمیرخانی گوتیشی، بۆ گواستنەوەی زیندانی ماهیدەشت (قەیماس) و دابینکردنی سەرچاوەی دارایی، زەوییەکانی ئەو زیندانە دەفرۆشرێن، ''کۆمەڵگەیەکی نوێ لە شوێنێکی گونجاوتر دروست دەکرێتەوە. دەبێ بە جدی کار بۆ ئەم بابەتە بکرێت''.
هەشت بەندیخانەی گەورە لە سنووری کرماشان هەن. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە، چوار هەزار و 500 بۆ پێنج هەزار و 500 بەندکراو لەو زیندانانەدا راگیراون کە 98%ـیان پیاون.
