رووداو دیجیتاڵ
کچە خوێندکارێکی کوردی ئێزدیی خەڵکی قەزای شنگال، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە ناحیەی باشیک لە پارێزگای نەینەوا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا؛ قایمقامی شنگال دەڵێت، دوو گێڕانەوەی جیاواز لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە هەن.
نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال، ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خوێندکارەکە ناوی (عەزیزە قاسم ئیسماعیل)ە و خەڵکی کۆمەڵگەی بۆرکە لە سنووری قەزای شنگال، لە قۆناخی دووەمی کۆلێژی پەرستاریی زانکۆی مووسڵ دەیخوێند."
سەبارەت بە هۆکار و چۆنیەتیی گیانلەدەستدانی ئەو خوێندکارە لە شوێنی نیشتەجێبوونەکەی لە ناحیەی باشیک، قایمقامی شنگال گوتی: "تاوەکو ئێستا دوو دەنگۆ لەسەر کەیسەکە هەن؛ هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن بەهۆی تەقینەوەی بوتڵی گازەوە گیانی لەدەستدابێت، دەنگۆی ئەوەش هەیە کە خۆی کوشتبێت."

