رووداو دیجیتاڵ
قوتابخانەی زێلکانی بنەڕەتی و ئامادەیی، کە قوتابییانی 11 گوندی دەوروبەری لە سنووری شێخان و بەردەڕەش تێیدا دەخوێنن، بەدەست کەمیی مامۆستا و دۆخی خراپی بیناکەیەوە دەناڵێنێت؛ بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش دەڵێت، لە ساڵی 2003ـەوە بیناکەیان نۆژەن نەکراوەتەوە و لە وەرزی زستاندا پۆلەکان پڕ ئاو دەبن.
مامۆستا دلۆڤان عەلی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی زێلکان، ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "148 قوتابی لەم قوتابخانەیە دەخوێنن، بیناکە لە ساڵی 2003 و لە سەردەمی رژێمی بەعسدا دروستکراوە و تاوەکو ئێستا نۆژەن نەکراوەتەوە، تەنانەت هێماکانی ئەو سەردەمەشی لەسەر ماون."
بەڕێوەبەری قوتابخانەکە سەبارەت بە کەموکوڕییەکانیان گوتی: "پێویستمان بە مامۆستای پسپۆڕ و شارەزایە، خزمەتگوزارمان نییە، مامۆستایانی ژن و پیاو لە یەک ژووردا دادەنیشن و هۆڵی تاقیکردنەوەشمان نییە؛ ساڵانە نووسراو دەکەین، بەڵام کێشەکانمان چارەسەر نەکراون."
دلۆڤان عەلی ئاماژەی بەوەش کرد کە بیناکە تەنیا نۆ پۆلی هەیە و پار دوو کابینەیان بۆ زیاد کردووە، بەڵام "لەگەڵ هەر بارانبارینێکدا، ئاو دەچێتە نێو پۆلەکانەوە و ناتوانین وانە بڵێینەوە، بۆیە ناچاربووین بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان داوای هاوکاری لە دایک و باوکی قوتابییان بکەین."
نەبیل شنگالی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە ئاگاداری کێشەی قوتابخانەی زێلکانین و داواکارییەکانیانمان بەدەستگەیشتووە؛ لە رێگەی وەزارەتی پەروەردەوە داوامان لە وەزارەتی دارایی کردووە بۆ نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی بیناکە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی بودجەکە نەداوە."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆک، لە سنووری ئەو پارێزگایەدا هەزار و 463 قوتابخانەی حکومی و 57 قوتابخانەی ناحکومی هەن.


