رووداو دیجیتاڵ
پۆستی قایمقامی قەزای شنگال هێشتا بە یەکلایی نەبووەتەوە و نەبوونی سازانی سیاسی لەنێوان لایەنە باڵادەستەکان و پێکهاتەکانی نەینەوا، هەڵبژاردنی کەسی نوێی بۆ ئەو پۆستە کارگێڕییە وەستاندووە. لە کاتێکدا ناوی 10 بەربژێر بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە لە ئەنجوومەنی پارێزگایە، فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی بۆچوونی جیاوازیان لەسەر رێکاری یەکلاکردنەوەی هەیە.
رێگریکردن لە هەڵبژاردن
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە (2ی تشرینی دووەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو لایەنەی ئێستا لە شنگال باڵادەستە، تاوەکو ئێستا رێگە نادات قایمقامی نوێی شنگال هەڵبژێردرێ و داوا دەکەن ئەو کەسە بکرێتە قایمقام کە سەر بە خۆیانە و لە دانیشتنەکەی ساڵی 2024ـی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوادا دەنگی پێدرا، کە دانیشتنێکی نایاسایی بوو."
رۆژی 2ی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە بڕیارێکدا گۆڕانکاری لە سەرۆکی 20 یەکەی کارگێڕی پارێزگاکەدا کرد کە یەکێکیان قایمقامی شنگال بوو. هەرچەندە فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ 18 کەس لەو بەرپرسانە دەرکرا کە ئەنجوومەن دەنگی پێدابوون، بەڵام بڕیاری دەستبەکاربوون بۆ سەیدۆ خەیری کە وەک بە قایمقامی شنگال هەڵبژێردرا، لەگەڵ نایف سەیدۆ قاسم، بەربژێری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ، تاوەکو ئێستا دەرنەکراوە و پۆستەکانیان وەرنەگرتووە.
10 بەربژێر چاوەڕوانی دەنگدانن
لە بەرامبەردا محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "10 کەس خۆیان بۆ پۆستی قایمقامی قەزای شنگال بەربژێر کردووە و دوای ئەوەی دۆسیەکانیان رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا بۆ دڵنیابوون، ئێستا وردبینی لە دۆسیەی سەرجەمیان تەواو بووە."
رۆژی یەکشەممە (18ی تشرینی یەکەمی 2026)، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەرگای خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستی قایمقامی قەزای شنگال کردەوە و پێنج رۆژیش مۆڵەتی دا بۆ پێشکەشکردنی داواکاری و بەڵگەنامە.
هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە
سەبارەت بە کاتی یەکلاکردنەوە و دەنگدان لەسەر قایمقامی نوێ، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو دانەنراوە. سبەی سێشەممە ئەنجوومەنی پارێزگا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات، بەڵام پرسی شنگال نەخراوەتە بەرنامەی کارەوە."
محەممەد جاسم کاکەیی روونیکردەوە کە لایەنەکان چاوەڕێی سازانی سیاسی دەکەن بۆ ئەوەی بە لێکتێگەیشتن پۆستەکە یەکلابکرێتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەگەر لایەنە سیاسییەکان نەگەنە رێککەوتن، ئەوا ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە رێگەی دەنگدانی ناو هۆڵەکەوە ئەو پرسە یەکلادەکاتەوە."
مەرجی بەربژێربوون
ئەنجوومەنی پارێزگاکە پاڵپشت بە یاسای پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێم و یاسای هەڵبژاردنەکان، حەوت مەرجی سەرەکیی بۆ وەرگرتنی پۆستەکە دیاریکراوە:
یەکەم: بەربژێر دەبێت هاووڵاتییەکی عێراقیی لێهاتوو بێت و تەمەنی لە 30 ساڵ کەمتر نەبێت.
دووەم: هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان هاوتای بێت.
سێیەم: حوکم نەدرابێت بە تاوان، کەتنی ئابڕووبەر یان دۆسیەکانی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی کە لە یاسای سزادانی عێراقدا هاتوون.
چوارەم: خەڵکی پارێزگای نەینەوا بێت بەپێی تۆماری باری شارستانی یان لانیکەم بۆ 10 ساڵ بە شێوەیەکی بەردەوام لەوێ نیشتەجێ بووبێت، بە مەرجێک نیشتەجێبوونەکەی بۆ مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی نەبووبێت.
پێنجەم: رێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری نەیگرتبێتەوە.
شەشەم: ئەندامی هێزە چەکدارەکان یان دامەزراوە ئەمنییەکان نەبێت، جگە لە کارمەندانی راژەی شارستانی لەو دەزگایانەدا.
حەوتەم: خاوەنی لانیکەم 10 ساڵ خزمەتی وەزیفی (فەرمانبەری) بێت.


.jpeg&w=3840&q=75)