رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی حکومەتی عێراق، سبەی چوارشەممە سەردانی کەرکووک دەکات بۆ تاوتوێکردنی دۆخی کارەبای شارەکە و چارەسەرکردنی گرفتی کەمیی کارەبا.
سێشەممە 3ی تشرینی دووەمى 2026، عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: سەردانی لیژنەکە بەفەرمانی عەلی فالح زەیدى، سەرۆکوەزیرانە بۆ تاوتوێکردنى کێشەى کەمى کارەبا.
ئەو سەردانە لەدوای ئەوەیە کە دوو رۆژە بەشێک لە دانیشتووانی کەرکووک لە دژی کەمیی کارەبا و زیادبوونی پارەی کارەبای موەلیدە ئەهلیییەکان خۆپێشاندان دەکەن.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەردانی ئەو لیژنەیە لەسەر داوای ئەنجوومەن بووە بۆ چارەسەری کێشەی کارەبا، کە یان دەبێت پشکی گاز بۆ موەلیدەکان زیاد بکرێت یان بڕی کارەبای نیشتمانیی کەرکووک زیاد بکرێت."
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 2ی تشرینی دووەم بڕیاری دا بە کەمکردنەوەی نرخی کارەبای موەلیدە لە 18 هەزار دینارەوە بۆ 13 هەزار دینار، بەو هۆیەوە خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان لە کەرکووک مانیان گرت و کارەبای بەشێکی زۆری شارەکەیان کوژاندەوە.




