رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان رەتیدەکاتەوە بەشداری دانیشتنەکەی سبەی بکات و دەڵێت، دەبێت پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەشداری بکەن، ئەو کات سەرۆکایەتی دانیشتنە دەکات.
محەممەد سلێمان، سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داواکاری بۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن منەوە واژۆ نەکراوە و نەنێردراوە، دیوانی سەرۆکایەتی ناردوویەتی".
محەممەد سلێمان کە وەکو بە تەمەنترین پەرلەمانتار بووەتە سەرۆکی پەرلەمان، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێیە. لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکەی گوتی،" نەوەی نوێ بەشداری دانیشتنەکە ناکات ، یەکێتیش تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەبووە".
سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان پێداگیری لەسەر هەڵوێستی پێشووی کردەوە و گوتی، "تاوەکو هەموو فراکسیۆنەکان بە تایبەتی پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێ بەشداری نەکەن سەرۆکایەتی دانیشتن ناکەم".
نەوەی نوێ و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە هاوپەیمانێتییان واژۆکردووە و بڕیاریانداوە لە هەرێمی کوردستان و عێراق یەک هەڵوێست بن.
دوو روونکردنەوەی دژی یەک
ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمان بڵاوکراوەتەوە رایگەیاند: "بانگهێشتی گشت ئەندامە بەڕێزەکانی پەرلەمان دەکەین بۆ تەواوکردنی بڕگەکانی دانیشتنی (یەکەم)ی خولی پاییزەی ساڵی یەکەم لە خولی هەڵبژاردنی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق، لە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، رۆژی چوارشەممە 04-11-2026، تکایە لە کاتی دیاریکراودا ئامادەبن".
دواتر، ئەردەڵان محەممەد، سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا بانگەوازەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەم بانگەوازە دوور و نزیک پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و کەسمان رانەسپاردووە بۆ ئەم ئەرکە".
ئەردەلان محەممەد گوتی: "تاوەکو ئێستا رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی سبەی بە دەست ئێمە نەگەیشتووە و تەنیا 43 پەرلەمانتار واژۆیان کردووە".
سەرۆکی دیوانی پەرلەمان روونیکردەوە، هەر کاتێک رێژەی یاسایی تەواو بوو، پەرلەمان کراوە و ئامادەیە.
لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 02-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە.


