بڕیارە سبەی چوارشەممە، پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی کە سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بانگهێشتی سەرجەم پەرلەمانتارانی کوردستان و پەرلەمانتارانی پارتییان کرد بۆ دانیشتنەکە.
پێشنیوەڕۆی سێشەممە، سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بانگهێشتی گشت ئەندامە بەڕێزەکانی پەرلەمان دەکەین بۆ تەواوکردنی بڕگەکانی دانیشتنی (یەکەم)ی خولی پاییزەی ساڵی یەکەم لە خولی هەڵبژاردنی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق، لە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، رۆژی چوارشەممە 04-11-2026، تکایە لە کاتی دیاریکراودا ئامادەبن".
هەروەها دکتۆر ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بانگهێشتی سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکەن بۆ دانیشتنی پەرلەمان.
بانگهێشتەکە، بۆ تەواوکردنی
بڕگەکانی دانیشتنی (یەکەم)ی خولی پاییزەی ساڵی یەکەم لە خولی هەڵبژاردنی شەشەمی پەرلەمانی
کوردستان - عێراقە، لە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، رۆژی چوارشەممە 04-11-2026.
بۆچی سەرۆکی دیوانی
پەرلەمان بانگهێشتەکەی رەت کردەوە؟
ئەردەلان محەممەد سەرسیپی،
سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستانە و ئەو پۆستەی لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان وەرگرتووە.
دوای بانگهێشتەکە رایگەیاند، بانگەوازێک بە ناوی سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمان بڵاوکراوەتەوە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان، بەڵام "ئەو بانگەوازە دوور و نزیک پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە و هیچ کەس و لایەنێکمان رانەسپاردووە بۆ ئەم ئەرکە".
لەبارەی هۆکاری رەتکردنەوەی راگەیێندراوەکەوە سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی ئەندامانی پەرلەمان کە (50+1)ـە بەفەرمی بەدەست ئێمە نەگەیشتووە، بەڵکو تەنیا واژۆی 43 ئەندامی پەرلەمان بەفەرمی بە ئێمە گەیشتووە، لە کاتێکدا ئێمە لە دەوامی فەرمیی ئاسایی خۆمانین، هەر کاتێک ئەم رێژەیە بەردەست بوو هۆڵی پەرلەمان ئامادە و کراوەیە".
کێن ئەوانەی بەشداری
لە دانیشتنەکەدا ناکەن؟
جگە لە پارتی دیموکراتی
کوردستان، سۆسیال دیموکرات، بەرەی گەل، بەشێکی پێکهاتەکان و چەند پەرلەمانتارێک ئامادەییان
بۆ کۆبوونەوەی سبەی دەربڕیوە، بەڵام لایەنەکانی دیکە دەڵێن بەشدار نابن.
یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا وەکو کاردانەوەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بەبێ ئەوان،
لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێ: هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگادارن کە سبەی
4-11-2026 دەنگۆی بە نایاسایی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان هەیە. یەکێتی جەخت لەسەر
باوەڕی قووڵی خۆی بە بنەماکانی سەروەریی یاسا و سازانی نیشتمانی دەکاتەوە. "ئەم
کۆبوونەوەیە نایاساییە و دوورە لە بنەماکانی شەراکەتی راستەقینە و هەوڵێکە بۆ سەپاندنی
ئیرادەی لایەنێک."
لە پەیامەکەدا هاتووە:
"هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و تەواوی هێزە سیاسییەکان ئاگادار دەکەینەوە کە
ئێمە وێڕای بەشدارینەکردنمان، روو دەکەینە هەر دڵسۆز و هێزێکی نیشتمانی، کە خەمی قەوارەی
هەرێمی کوردستانیەتی، بەشداریی تێدا نەکات."
یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان پێیوایە دانیشتنی پەرلەمان ئەوکات سەنگی دەبێت کە "سازانی نیشتمانی
لەسەر بێت" و هەموو لایەنە هەڵبژێردراوەکان بە ئیرادەی ئازاد و دیموکراسییانە
بەشداریی تێدا بکەن.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا
هاتووە: "ئەگەر بنەمای دیموکراسی ئەوە بێت کە بە کڕین و هەڕەشە و گوشاری دەروونی
کاریگەری بخرێتە سەر بڕیارەکانی پەرلەمانتاران، ئەوا لەو چوارچێوە کارتۆنییەدا،
دان بە هیچ پەرلەمان و حکومەتێک نانێین کە دەرئەنجامی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە بێت."
هەڵوێستی یەکگرتووی
ئیسلامیی کوردستان
ئێوارەی ئەمڕۆش، فراکسیۆنی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی کۆبوونەوەی
سبەی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "ئێمە لە بنەڕەتدا لەگەڵ
کاراکردنەوەی پەرلەمانداین و ماوەی دوو ساڵە هەوڵ دەدەین و دەستپێشخەریمان کردووە
تاوەکو بە کۆدەنگیی هەموو لایەنەکان و لیستەکانی پەرلەمان ئەم کارە ئەنجام بدەین."
سەبارەت بە هۆکاری بەشدارینەکردنیشیان،
فراکسیۆنەکە جەختی لەوە کردووەتەوە: "لەبەر ئەوەی بۆ ئەم کۆبوونەوەیە کۆدەنگیی
لیستەکان لەسەر نییە، بەشداری تێدا ناکەین."
نەوەی نوێ
محەممەد سلێمان، کە
سەرۆکی تەمەنی یەک دانیشتنی پەرلەمان بووە و سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێشە، ئەمڕۆ
سێشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داواکاری بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی
کوردستان لەلایەن منەوە نەنێردراوە و واژۆم نەکردووە، ئەو داواکارییە لە لایەن دیوانی
سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە نێردراوە."
محەممەد سلێمان گوتیشی: "من لەسەر هەڵویستی پێشووم و سوورم لەسەر ئەوەی کە تاوەکو هەموو فراکسیۆنەکان بە تایبەتی پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێ، بەشداری نەکەن، سەرۆکایەتیی دانیشتن ناکەم."
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە 22ی کانوونیدووەمی 2025، محەممەد سلێمان، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاندبوو و گوتبووی، "ئامانجم خزمەتکردن بوو، ناتوانم لە پۆستێک بمێنمەوە ئەگەر خزمەتی خەڵک نەکەم؛ دەستبەرداری پۆستەکەم دەبم."
رەوتی هەڵوێست
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست بە رووداوی گوت، نابنە بەشێک لە ململانێکانی پارتی و یەکێتی و وەکو ئۆپۆزیسیۆن بەشداریی هیچ دەنگدانێک ناکەن.
عەلی حەمەساڵح باسی لەوەش کرد، تاوەکو دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کارا نەکرێتەوە، هیچ پرۆسەیەکی دیکە ناکرێت.
ئەوانەی بەشداری دەکەن
دوای بانگهێشتنامەکە،
زۆربەی فراکسیۆنەکان هەڵوێستی خۆیان راگەیاند. مونا نەبی قەهوەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی
پارتی چاکسازیی تورکمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی
نیشتمانی و یاسایی، سبەی ئامادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەبین و بە تەواوی لەگەڵ
کاراکردنەوەی پەرلەمانداین."
هاوکات رامی نووری سیاوەش، نوێنەری کریستیانەکانی پارێزگای هەولێر لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، وەکو هەستکردن بە ئەرکی نیشتمانی و یاسایی، بڕیارمانداوە بەشداری لە دانیشتنەکەدا بکەین.
رامی نووری گوتیشی:
"د. جەیمس حەسدۆ هیدۆ، نوێنەری کریستیانەکانی دهۆکیش هاوهەڵوێستمە و پێکەوە
بەشداری دەکەین."
هاوکات حیزبی
سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانیش، کە خاوەنی کورسییەکی پەرلەمانە، خۆی یەکلایی
کردووەتەوە و بڕیاریداوە لە دانیشتنەکەدا بەشداری بکات.
بەرەی گەل، کە دوو
کورسیی پەرلەمانی هەیە، خۆی یەکلایی کردووەتەوە و بەشداری دەکات، بەڵام لەبەرئەوەی
سەرۆکی حیزبەکەی (لاهوور شێخ جەنگی) لەسەر دۆسییەیەک بەند کراوە و جێگرەوەی لە
پەرلەمان دیار نەکردووە، تەنیا یەک پەرلەمانتاری بەشداری دەکات.
بەرەی گەل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە باوەڕبوونمان بە رێزگرتن لە مافی دەنگدەرانمان فراکسیۆنەکەمان لە کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی کوردستان بەشدار دەبێت و هەڵوێستمان راشکاوانەیە و دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە.
پەرلەمانتارێکی یەکێتی: بەشداری دانیشتنەکە دەکەم
هەردی سەڵاح، پەرلەمانتاری ئەم خولەی یەکێت، وازهێنانی لە فراکسیۆنی حیزبەکە بۆ رووداو پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: سبەی دەیبینن چی روودەدات.
کێ سەرۆکایەتیی
دانیشتنەکەی سبەی دەکات؟
لە پەرلەمانی کوردستان،
لە دوای محەممەد سلێمان، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ کە لەدایکبووی ساڵی 1948ـە، ئازاد
محەممەد ئەمین، دووەم بەتەمەنترین پەرلەمانتارە کە لەدایکبووی ساڵی 1960ـە.
تۆڕی میدیایی رووداو، پەیوەندیی بە بەشی یاسایی پەرلەمانی کوردستانەوە کرد و لەبارەی سەرۆکایەتیکردنی دانیشتنەکەی سبەی پرسیاری کرد و ئەم وەڵامەی دەستکەوت:
سەرۆکی تەمەن، لە هۆڵی پەرلەمان دیار دەکرێت نەک لە دەرەوە، واتە بەتەمەنترین پەرلەمانتار لەو دانیشتنەدا کێیە، ئەو سەرۆکایەتیی دانیشتنەکە دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڕیاری بەشدارینەکردنی لە کۆبوونەوەی سبەی
پەرلەمانی کوردستاندا راگەیاند.
بەو پێیە، دووەم
بەتەمەنترین پەرلەمانتاریش، سبەی ناتوانێت سەرۆکایەتیی دانیشتنەکە بکات.
لەنێو فراکسیۆنی پارتی
دیموکراتی کوردستان و ئەو پەرلەمانتارانەی کە بڕیارە بەشداری بکەن، سەمیرە حەسەن،
بەتەمەنترینە و لەدایکبووی 1962ـە. بە گوێرەی یاسا، ئەو دەتوانێ سەرۆکایەتیی
دانیشتنەکە بکات.
رۆژی 02-12-2024، بەربژێرانی
سەرکەوتووی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد.


