رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2019ی کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا پەرلەمان دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
بەگوێرەی مادەی سێ لە یاساکە، "پەرلەمانی کوردستان سەرۆکێک بۆ هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێرێت بەو ئەرک و دەسەڵاتانەی کە لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ـ عێراقدا هەیە، تاوەکو پەسندکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان".
رۆژی چوارشەممە 04-11-2026 پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی تەواوی ئەندامانی ئامادەبوو کە 52 پەرلەمانتار بوون، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی هەڵبژارد.
بەگوێرەی بڕگەی یەکەم لە مادەی چواری یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم رێکارانە دەگرێتەبەر و دەبێت "لە ماوەی 30 رۆژ لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، پەرلەمانی کوردستان دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکاتەوە".
بەگوێرەی یاساکە، خوازیارانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە مەرجەکانیان تێدا بێت، لە ماوەی سێ رۆژدا لە رێککەوتی کردنەوەی دەرگەی خۆبەربژێرکردن داواکاری و سیڤیی خۆیان پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن؛ سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش لە ماوەی دوو رۆژ لە رۆژی داخستنی دەرگەی خۆبەربژێرکردن ناوی ئەو بەربژێرانە رادەگەیێنێت کە مەرجی یاساییان تێدایە.
لە یاساکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەر کەسێک لەوانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، ئەگەر ناوی رانەگەیێندرا بۆی هەیە لە ماوەی دوو رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی ناوی بەربژێرەکان لە دادگەی تەمییز تانە بدات و دادگەکەش لە ماوەی دوو رۆژدا یەکلا دەکاتەوە.
هەروەها بە یاسا رێکخراوە، کە "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەنگدانێکی ئاشکرا و بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان، لە ماوەی سێ رۆژ لە رۆژی دەرکردنی بڕیاری بنبڕ لەسەر تانەکان هەڵدەبژێردرێت".
ئەگەر هیچ بەربژێرێک دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمانی بەدەست نەهێنا دەنگدان دووبارە دەکرێتەوە و کێبڕکێ لە نێوان ئەو دوو بەربژێرە دەبێت کە زۆرترین دەنگیان هێناوە و ئەوەی لە جاری دووەم زۆرینەی بەدەست هێنا دەبێتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەگەر یەک بەربژێر هەبوو بۆ پۆستەکە، ئەوە بە دەنگدانی ئاشکرا و بە زۆرینەی دەنگ دەبێتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمانەش لە یاسادەکەدا جێگیر کراوە.
لە بەشێکی دیکەی یاساکەدا هاتووە: "سەرۆکی هەرێم[ی کوردستان] لە ئەرک و دەسەڵاتەکانی بەردەوام دەبێت تاوەکو بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە سەرۆکێک هەڵدەبژێردرێت".



