رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک بازگەی دارەمان لەسەر رێگەی سەرەکیی کەرکووک - هەولێر، دوو چەکداری ماتۆڕسوار دەستڕێژی گولـلـەیان لە پاسەوانانی کۆمپانیایەکی نەوت کرد؛ بەهۆیەوە پاسەوانێک گیانی لەدەستدا و سێ پاسەوانی دیکەش بریندار بوون.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند، رووداوەکە لە بەردەم کۆمپانیای "سەقر ئەلعاسی" بۆ پاڵاوتنی نەوت لە سنووری گوندی دارەمان روویداوە، کە نزیکەی 400 مەتر لە بازگەی دارەمانەوە دوورە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، دوو چەکدار کە جلی رەشیان پۆشیبوو و دەموچاویان بە تەواوی پێچابووەوە و تەنیا چاویان دیار بووە، بە ماتۆڕسکیلێک هاتوونەتە بەردەم کۆمپانیاکە و دەستبەجێ بە دوو چەک دەستڕێژی گولـلـەیان لە پاسەوانەکان کردووە، بەبێ ئەوەی دەرفەتی هیچ وەڵامدانەوەیەکیان پێبدەن، دواتریش بەرەو بەرزاییەکانی کانی دۆمەڵان هەڵاتوون.
لە ئەنجامی دەستڕێژەکەدا هەر چوار پاسەوانەکە کە کوردن، پێکران. یەکێک لە پاسەوانەکان بە ناوی (رزگار قادر) ناسراو بە "خەلیفە"، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە کە فیشەک بەر سەری کەوتبوو، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکیی کەرکووک کراوە.
دەستبەجێ دوای رووداوەکە، هێزێکی زۆری سوپای عێراق، پۆلیس و لێکۆڵینەوەی تاوان گەیشتنە شوێنەکە و لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە بەدوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا دەگەڕێن.
