بەهۆی بارانبارین و نۆژەننەکردنەوەیانەوە، بەشێک لە خانووە کۆنەکانی گەڕەکی عەرەبان لە شاری هەولێر، مەترسیی داڕمانیان لەسەرە.
خانووەکان دەکەونە سەر کۆڵان و رێڕۆ سەرەکییەکان، چونکە گەڕەکی عەرەبان لەنێو بازاڕی هەولێر هەڵکەوتووە و رۆژانە خەڵکێکی زۆر هاتووچۆی پێدا دەکەن.
دانیشتووانی گەڕەکەکە داوا دەکەن "بەپەلە چارەسەرێک بۆ ئەو چەند خانووە بدۆزرێتەوە و رێگری لە داڕمانیان بکرێت، پێش ئەوەی هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووبدات."
زۆربەی خانووەکانی گەڕەکەکە لە خشت، قوڕ و کەرەستەی کۆن دروستکراون کە بەهۆی تێپەڕینی کاتەوە درزیان بردووە یان داڕماون. نەبوونی مۆڵەت یان توانای دارایی دانیشتووانەکەی وایکردووە پرۆسەی نۆژەنکردنەوە زۆر سست بێت و مەترسی رووخان لەسەر بەشێک لە ماڵەکان هەبێت.
گەڕەکی عەرەبان کە دەکەوێتە نزیک قەڵا و بازاڕی قەیسەری، یەکێکە لە گەڕەکە هەرە دێرینەکانی سەنتەری شاری هەولێر کە تائێستاش سیمای کۆن و هەژارانەی پێوە دیارە.
