ئەمڕۆ شەممە 28ی ئاداری 2026، سێ هێرشی درۆنی کراوەتە سەر شاری دهۆک. یەکێک لە هێرشەکان کاژێر 11:00ی بەیانی کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک.
پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە
لە یەکەم کاردانەوەدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر ماڵەکەی لە دهۆک و بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی بۆ لێکۆڵینەوە دەرکرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکەدا سوودانی سەرکۆنەی ئەو "هێرشە ناڕەوایە"ی کرد، کە کرایە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک.
نووسینگەی سوودانی رایگەیاندووە، "سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی نێچیرڤان بارزانی و پەرۆشیی ئەو بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق کرد." هەر لەو چوارچێوەیەدا، سوودانی فەرمانی کرد بە پێکهێنانی تیمێکی ئەمنی و تەکنیکیی هاوبەش لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەنجامدەرانی و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا باسیان لە دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و رەوشی ئەمنیی وڵات کرد. سوودانی جەختی لەوە کردەوە، حکومەتەکەی رێگە نادات هیچ لایەنێکی "دەرەوەی یاسا، یان لایەنێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی" عێراق پەلکێشی ناو ئەو ململانێ و شەڕانە بکات کە ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن.
هەروەها سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە رایگەیاند، کە سەرۆکوەزیران سوودانی بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد، کە ئهمڕۆ کرایە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، هەروەها ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی و پەرۆشیی سهرۆك نێچیرڤان بارزانى بۆ بەهێزکردنی تەبایی لەنێوان هەموو عێراقییەکاندا کرد.
هەر لەوبارەیەوە سوودانی رایگەیاندووە، فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی ئەمنی و تەکنیکی لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمى كوردستاندا بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی.
بەپێی راگەیێنراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندیی سەرۆک وەزیران سوودانی و ههوڵهكانى حکومەتی فیدراڵی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کرد.
قوباد تاڵەبانی: پەرەسەندنێکی مەترسیدارە
هەر لەبارەی ئەو هێرشەوە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی بەئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بە ئامانجگرتنی ماڵی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، پەرەسەندنێکی مەترسیدارەو زۆر بە تووندی ئیدانەی دەکەین."
هاوکات جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "بیری حکومەتی فیدراڵیی دەخەینەوە، گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان بوونەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق."
قوباد تاڵەبانی هۆشداری دەدات لەوەی، "ئەگەر دەستبەجێ ئاژاوەگێڕەکان رانەگیرێن و رووبەڕووی سزا نەکرێنەوە، دڵنیام سبەی دەبنە هەڕەشەیەکی مەترسیدارتر بۆ سەر سەروماڵی بەرپرس و دامودەزگا فەرمییەکانی بەشەکانی دیکەی عێراق."
عەممار حەکیم: هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی هەڕەشەیە لە سەروەریی عێراق
هەر لە درێژەی کاردانەوەکاندا، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد، کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی و رایگەیاند، ئەم هێرشە "کارێکی مەترسیدارە" و پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیی عێراقە.
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 28ی ئاداری 2026، لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە دەکەم، کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک."
عەممار حەکیم ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم جۆرە کارانە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەکەن و داوای کرد هەوڵە ئەمنییەکان چڕ بکرێنەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات.
هاوپەیمانیی عەزم: ئاشتیی ناوخۆیی کەوتووەتە مەترسییەوە
هاوکات لەگەڵ کاردانەوەکانی بەغدا، هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەنا سامەڕایی، لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بە "پێشێلکارییەکی مەترسیدار" ناو برد.
هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم جۆرە کارانە هەوڵەکانی هێورکردنەوە و پاراستنی ئاشتیی ناوخۆیی تێکدەدەن و داوای هەماهەنگیی زیاتری نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە.
