رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بڕیاریدا بڕی 1.5 دینار وەک قازانج بۆ هەر پشکێک بەسەر خاوەن پشکەکانیدا دابەش بکات، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیاکە لە ساڵی 2025دا ئەدایەکی دارایی بەهێزی تۆمار کرد.
کۆبوونەوەی ساڵانەی دەستەی گشتیی ئاسیاسێڵ لە شاری سلێمانی و بە سەرپەرشتیی فارووق مستەفا رەسوول، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا خاوەن پشکەکان بە کۆی دەنگ راپۆرتی دارایی ساڵی 2025یان پەسند کرد و رەزامەندییان دا لەسەر دابەشکردنی قازانجی نەختینەیی بە رێژەی 150%.
فارووق مستەفا رەسوول، لەبارەی ئاراستەی داهاتووی کۆمپانیاکە رایگەیاند، ئاسیاسێڵ لە ساڵی 2025دا جەختی لەسەر وەرچەرخانی دیجیتاڵی و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد (AI) کردووەتەوە تاوەکو کواڵێتیی خزمەتگوزارییەکان بەرز بکاتەوە. ئەو گوتی :" چیدیکە داهێنان تەنیا بژاردەیەک نییە، بەڵکو بووەتە بناخەی هەموو کارەکانمان."
بەپێی راگەیێندراوێکی کۆمپانیاکە، دابەشکردنی قازانجەکان هەموو ئەو خاوەن پشکانە دەگرێتەوە کە ناویان لە تۆماری کۆمپانیاکەدا هەبێت و کاتی دابەشکردنەکەش لە داهاتوویەکی نزیکدا رادەگەیێندرێت.
ئاسیاسێڵ کە زیاتر لە 20 ملیۆن بەشداربووی هەیە و تۆڕەکەی 99.06%ی دانیشتووانی عێراق دەگرێتەوە، یەکەم کۆمپانیای مۆبایل بووە کە هەموو بەشەکانی عێراقی داپۆشیوە.
.jpg&w=3840&q=75)