رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆبوونەوە. لە دیدارەکەدا جەخت لە پێویستیی دەرچوون لەو بنبەستە سیاسییە کرایەوە بەرۆکی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان گرتووە.
ئێوارەی رۆژی شەممە، 23ـی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کرد.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا بارودۆخی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا؛ هاوکات هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و کۆتاییهێنان بەو چەقبەستووییە سیاسییەی لە ناوچەکەدا هەیە.
نێچیرڤان بارزانی پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو دەربڕی و ستایشی دەستپێشخەرییەکانی کرد، جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامیی ئەو هەنگاوانە کردەوە کە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی هەرێمی کوردستاندان.
لای خۆیەوە، سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیرییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی. بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووش، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە لەم قۆناخەدا پاراستنی یەکڕیزی و سەقامگیریی ناوخۆیی ئەرکی لە پێشینەی هەموو لایەکە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، دۆخی گشتیی ناوچەکە و لێکەوتە سیاسی و ئەمنییەکانی، وەک تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا گەنگەشە کرا.