رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازيی لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە كۆبوونه‌وه‌کەدا دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها باسيان له دوایین سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیتاڵیا و ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له رۆما كرد.
"سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، وێڕاى پێ‌زانین بۆ پشتگيريى بەردەوامی ئیتاڵیا له عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان خوازيارى په‌ره‌پێدانى زياتر به په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شه له‌گه‌ڵ ئیتاڵیا"، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لای خۆیەوە به‌ڕێز باڵیۆزی ئیتاڵیا په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به گرنگ له قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها جەختی لە بەردەوامیی پابەنديی ئیتاڵیا بۆ پشتگیریکردنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە".
بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە تۆماسۆ سانسۆنێ، کۆنسووڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەى بوو.
