رووداو دیجیتاڵ
لە دەشتی قەراج و مەخموور، فێنک پشتیوانی تەمەن 16 ساڵان، وەکو یەکێک لە دیارترین شۆفێرەکانی ئەم ساڵی دەڕاسە ناوبانگی دەرکردووە. ئەم کچە گەنجە هاوشانی باوکی و تاقانە براکەی، لە بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە لەسەر دەڕاسە کار دەکات و بست بە بستی دۆنمە زەوییە بە گەنم چێنراوەکانی ناوچەکە دەدروێتەوە.
فێنک تەنیا لە کارەکەیدا سەرکەوتوو نییە، بەڵکو ئەم ساڵ پۆلی 11ی زانستیی بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە و توانیویەتی بە باشترین شێوە هاوسەنگی لە نێوان یارمەتیدانی خێزانەکەی لە کاتی دروێنە و خوێندنی قوتابخانەکەیدا رابگرێت.
فێنک بە رووداوی گوت، "هەر لە منداڵییەوە دەستم بەم ئیشە کرد؛ سەرەتا تراکتۆر، مەرزیە و پیکاب هەشتاکەم لێخوڕی، دواتر وردە وردە فێری قەلاب و دواجار دەڕاسە بووم. لەم ئیشەدا ئەوەی گرنگە تەنیا سوکانگرتن نییە، بەڵکو دەبێت شارەزای هەموو دوگمەکانی بیت، وەک بەرزکردنەوە و نزمکردنی ئامێری دروێنەکە. گەنمەکە نابێت سەقەت بێت و دەبێت بەپێی پێوەرەکان بڕۆیت، من تائێستا هیچ گەنمێکم سەقەت نەکردووە".
فێنک منداڵی سێیەمی خێزانەکەیەتی و خاوەنی چوار خوشک و برایەکە. پشتیوان عەباسی باوکی، بە شانازییەوە باس لە کچەکەی دەکات و وەک پاڵپشتێکی گەورەی دەردەکەوێت، نەک تەنیا بۆ خێزانەکەی بەڵکو بۆ تەواوی گوندەکەش.
پشتیوان عەباس، باوکی فێنک بە رووداوی گوت، "نەک تەنیا من و خێزانەکەم، بەڵکو هاوسێ و خزمەکانیشمان هەموو گیانیان بە فێنکەوە بەستراوەتەوە. بە رۆژ پیکابێکی پێیە و پێی دەچێتە قوتابخانە، لە رێگاشدا قوتابیانی دیکە لەگەڵ خۆی دەبات. کاتێکیش کەسێک لە دراوسێکان نەخۆش دەکەوێت، پەیوەندی بە فێنکەوە دەکەن بۆ ئەوەی هاوکارییان بکات؛ ئەو بەڕاستی بووەتە دەست و قاچی تەواوی ناوچەکە".
لە مێژوودا هەمیشە ژنانی کورد بە ئازایەتی، بەشداریی کارا و کارکردنیان هاوشانی پیاوان ناسراون؛ چیرۆکی فێنکیش نموونەیەکی زیندووی ئەو مێژووەیە کە سەرنجی گەڕیدە و مێژوونووسانی بۆ لای خۆی راکێشاوە.