رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵخانەی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)کرد.
کۆنسووڵخانەی ئیتاڵیا لە رێگەی هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەواڵی پێشوازیکردنەکەی بڵاوکردووەتەوە و وێنەکانی مەزڵووم عەبدی لەگەڵ کۆنسووڵ و ئەندامانی نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتەکە بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، کۆنسووڵی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتەکەی پشتگیری لە بەردەوامیی دیالۆگ دەکات لەپێناو هێنانەکایەی سووریایەکی دیموکرات، سەقامگیر و یەکگرتوو، کە تێیدا مافی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بە تەواوی بناسرێت و رێزی لێ بگیرێت.
پەیجی فەرمی کۆنسووڵخانەی ئیتاڵیا لە هەولێر بەم جۆرە باسی لە پیشوازیەکە کردووە، "خۆشحاڵبووم بە بەخێرهاتنی فەرماندە مەزڵووم عەبدی، سەرکردەی کوردانی رۆژئاوا لە سووریا. ئیتاڵیا پشتیوانی لە گفتوگۆ بەردەوامەکان دەکات بۆ سووریایەکی دیموکراسی، سەقامگیر و یەکگرتوو، لەگەڵ دانپێدانانی تەواو و رێزگرتن لە مافەکانی هەموو گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکان."
