رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە بەبێ ئاوارە و پەنابەران، دوو ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و دەشڵێت، زیاتر لە 350 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە سنووری پارێزگاکەدا نیشتەجێن.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئایاری 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر لەم کاتەدا دوو ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، ئەوەش بەبێ هەژمارکردنی ئاوارە و پەنابەران." ئاماژەی بەوەش کرد، "زیاتر لە 350 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە چوارچێوەی سنووری ئیداریی پارێزگاکەدا دەژین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری هەولێر جەختی لە بەردەوامیی چاودێریی حکومەت بۆ چین و توێژە پێویستەکان کردەوە، بەتایبەت بەساڵاچووان و منداڵانی بێسەرپەرشت و گوتی، "لە خانەکانی چاودێریی بەساڵاچووان و منداڵان لە هەولێر، لە نێوان 250 بۆ 300 کەس دەژین و خزمەتگوزاری و چاودێریی بەردەوامیان پێشکێش دەکرێت."
ئومێد خۆشناو ستایشی ئاستی زانستی و خوێندنی ئەو منداڵانەی کرد کە لە خانەکانی چاودێریدان و رایگەیاند، "ئەو قوتابخانانەی ئەو قوتابیانە تێیدا دەخوێنن، ساڵانە رێژەی دەرچوونیان دەگاتە 100% و نمرەی زۆر بەرز و نایاب لە قۆناخە جیاجیاکانی خوێندندا تۆمار دەکەن."