رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە یەکەمین پێشانگەی کتێب لە پارکی سامی عەبدولڕەحمانی پارێزگای هەولێر بە بەشداریی 130 وەشانخانە و کتێبخانەی کوردی کرایەوە.
لەم پێشانگەیەدا، 124 کتێبخانە و وەشانخانەی باشوور، پێنج کتێبخانەی رۆژهەڵات و وەشانخانەیەکی باکووری کوردستان بە دەیان هەزار ناونیشانی جیاواز بەشدارییان کرد.
هێلێن ئاراس، خوێنەری کتێبە و سەبارەت بە کردنەوەی پێشانگەکە بە رووداوی گوت: "ئەم پێشانگەیە تەنیا بۆ کتێب فرۆشتن نییە، بەڵکو پەیامێکی پێیە کە هەموو کتێب و کتێبخانە کوردییەکانی پێکەوە لەژێر چەتری هەولێر کۆکردووەتەوە".
وەرگێڕێک بە ناوی زانیار عەلی لە پێشانگەکە قسەی بۆ رووداو کرد و دڵخۆشی خۆی دەربڕی، گوتی، "ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە هەموو کتێبەکان کوردین، هەروەها زۆر گرنگی بە نووسینی کوردی لەسەر تابلۆی کتێبخانەکان دراوە، ئەوەی کە لێرە دەیبینیت تەنیا کتێبی کوردییە".
خاڵی جیاوازی ئەو پێشانگەیە ئەوەیە کە هەموو ناونیشانەکان کوردین و کتێبی بە زمانی بیانی تێدا نییە.
میرکۆ ئەبوبەکر، لە یەکێک لە وەشانخانەکانی سلێمانییەوە چووەتە پێشانگەکە و کتێب دەفرۆشێت، ئەو بە رووداوی گوت: "گرنگی ئەم پێشانگەیە بۆ زیاتر خوێندنەوەی زمانی کوردیە و هاوکارە بۆ دەوڵەمەندکردنی زیاتری فەرهەنگی کوردی".
پێشانگەکە، نووسەر، وەرگێڕ و خوێنەری سەرجەم پارێزگا و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی لە هەولێر کۆکردەوە. عەتا رەئووف، کە خاوەن وەشانخانەیە، لە هەڵەبجەوە هاتووە و دەڵێت: "ئەم پێشانگەیە یەکێکە لەو هەنگاوانەی کە خوێنەر لەگەڵ کتێب ئاشت بکاتەوە، کردنەوەی پێشانگەیەک تەنیا بە کوردی بەدڵنیاییەوە کاریگەری دەبێت لەسەر زیاتر خوێندنەوە بەتایبەت لەنێو ئەو جیلە نوێیە".
خاوەنی بیرۆکەی ئەم پێشانگەیە (رێبین فەتاح)ـە کە خۆی خاوەنی کتێبخانەی ماڵی وەفاییە لە هەولێر، دەڵێت: تەنیا بە 20 رۆژ توانییان ئەو پێشانگە نیشتمانییە رێکبخەن.
رێبین فەتاح بە رووداوی گوت: "ئێمە بۆیە ئەم پێشانگەیەمان کردەوە، چونکە ئێمە وەکو کورد لەناو پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب کە ساڵانە دەیانکەینەوە ونین، چونکە ئامانجی ئەو پێشانگەیانە دەرەوەیە نەوەکو ناوخۆ."
رێبین فەتاح هەروەها دەڵێت: "ئامانج درووستکردنی پەیوەندی رۆشنبیریە لەگەڵ وڵاتانی دیکە، بەڵام ئێمە پێویستمان بە پێشانگەیەکە کە هەڵگری گوتارێکی کوردستانییانە بێت لە پشتی ئەو گوتارەوە گێڕانەوەی شکۆیەک بێت بۆ ئەدەبیاتی خۆمان."
پێشانگەکە لە چوار بۆ 10ی مانگ هەموو رۆژ لە کاژێر 10:00 تاوەکو 07:00 ئێوارە کراوە دەبێت.


