رووداو دیجیتاڵ
قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی خاوەنی دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە، بەڵام زیاتر لە 15 ساڵە کێشەی کەمیی ئاوی خاوێنی هەیە. قایمقامی قەزاکە دەڵێ، هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی نوێی ئاوی شارەکە و کۆتاییهێنان بە کەمیی ئاو.
لە ساڵی 2014ـەوە بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی ئاو لە دەربەندیخان دانراوە کە بڕیاربوو لە 365 رۆژدا کارەکانی تەواو بن، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە کارکردن تێیدا وەستا و تاوەکو ئەمڕۆ تەواو نەکراوە.
ئامانج کەساس، قایمقامی دەربەندیخان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە هەوڵی جیدیمان داوە. ئێستا ئامێرە گەورەکان بۆ پڕۆژەکە لە دەرەوەی وڵات کڕدراون و لە تاقیکردنەوەدان".
1ـی شوباتی 2023 بۆ مانگێک هاونیشتمانییانی دەربەندیخان خۆپیشاندانیان کرد و داوای خزمەتگوزارییان بۆ شارەکەیان کرد و دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە سەرەکیترین داواکارییان بوو. لە 13-04-2024 بە چاودێریی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران گرێبەستی خەرجکردنی پارە لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە کرا، دوای ئەوەش جارێکی دیکە کارکردن تێیدا وەستا.
قایمقامی دەربەندیخان گوتی: "لایەنی جێبەجێکار دەڵێ لە دوو مانگی داهاتوودا ئامێرەکان دەگەنە هەرێمی کوردستان و بەستنیان کاتی زۆری ناوێ. ئێمەش بە وردی چاودێریی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەکەین".
لەبارەی دابەشکردنی ئاو لەم وەرزەدا قایمقامی دەربەندیخان گوتی: "هێڵی کۆنی ئاوەکەمان زۆرینەی چاکسازی تێدا کراوە و نۆژەن کراوەتەوە و ئێستا دابەشکردنی ئاومان بۆ گەڕەکەکان کەمکردووەتەوە بۆ دوو بۆ سێ رۆژ جارێک".



