رووداو دیجیتاڵ
28ی ئایار، یاد سەربازی تەمەنی چوار ساڵ کە خەڵکی هەولێرە، لەگەڵ ماڵباتەکەی بۆ جەژنە پیرۆزە لە رانیەوە چووبوونە ماڵی نەنکی لە گوندی ئێندزەی بناری قەندیل، لەو کاتەوە دیارنەمابوو، دوای 16 رۆژ لە دیار نەمانی، دوا نیوەڕۆی 12ـی حوزەیرانی 2026، لە نزیک گوندی ئێندزەی بناری قەندیل، ئێسک و پرووسک و جلوبەرگ دۆزرانەوە کە گومان دەکرێ تەرمی (یاد سەرباز) بێت.
یەکێک لە کەسوکاری (یاد سەرباز) بە رووداوی گوت: "کە چووینە شوێنی رووداوەکە، کەللـەسەرێکمان بینی، دوای گەڕانی زیاتر جلکەکانیشمان دۆزییەوە."
سەبارەت بەوەی گومانیان لە کێ هەیە، ئەو کەسە بۆ رووداو گوتی: "لێرەدا ناتوانین دەستی تۆمەت بۆ هیچ کەسێک رابکێشین، بەڵام گومان لە هەموو کەسێکیش دەکرێت."
لە کاتی ونبوونی منداڵەکەوە تاوەکو ئێستا خاڵی لە ئاسایش دەستبەسەرە .
لەبارەی خاڵی منداڵەکە، کەسێکی خزمیان بە رووداوی گوت: "خاڵی کەسێکی ئەوەندە خراپ نییە تاوەکو دەستی بچێتە گیانی خوشکەزای خۆی، خۆی منداڵێکی هەیە هەر لە تەمەنی یاد دایە."
ئەوکەسە هەروەها دەڵێت: "ئەمە دوورە لە هەموو ئینسانییەتێک، بەڵام ئەگەر ئەویش بێت و نووری چاویشمان بێت، دەبێت سزای خۆی وەربگرێت."
بەهۆی شێواوی و دەرنەچوونی ئەنجامی پشکنینەکان لە پزیشکی دادی راپەڕین، ئێسک و پروسکەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە هۆکاری رووداوەکە، رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراون.
بەختیار رەشید، بەڕێوەبەری پزیشکی دادی سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا دەستمان بە توێکاری نەکردووە، چاوەڕێی پەڕاوی یاسایی دەکەین"
لەسەرەتای ونبوونییەوە، ئاسایشی راپەڕین نزیکەی 15 کەسی بۆ لێکۆڵینەوە بانگ کردبوو، کە سێ لەوانە دایک و باوک و خاڵێکی یاد بوون. دواتر هەموویان ئازادکران، جگە لە خاڵی منداڵەکە کە هێشتا لای ئاسایش دەستبەسەرە


