رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایگەیاند، کارەکانی پڕۆژەی دروستکردنی رێڕەوی دووەمی رێگەی نێوان کەرکووک - موسڵ بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 84%ی پڕۆژەکە تەواو بووە.
پڕۆژەکە لەژێر سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و پردەکانی عێراق جێبەجێ دەکرێت، درێژیی رێگەکە 124 کیلۆمەترە و یەکێکە لە رێگە ستراتیژییەکان، پارێزگای نەینەوا لە رێگەی قەزای مەخموور بە پارێزگای کەرکووک دەبەستێتەوە و بە ناوچەکانی گوێڕ و دیبەگەدا تێدەپەڕێت.
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رۆژی یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەواوبوونی ئەم رێگەیە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ، ئاسانکاری بۆ جووڵەی ئۆتۆمبێلەکان و گواستنەوەی نێوان پارێزگاکان دەکات.
نەبیل سەفار ئاماژەی بەوەش کرد، کارەکانی پڕۆژەکە بەسەر دوو بڕگەدا دابەش بوون؛ بڕگەی یەکەم لە سنووری پارێزگای نەینەوایە بە درێژیی 78 کیلۆمەتر، بڕگەی دووەمیش لە سنووری پارێزگای کەرکووکە بە درێژیی 46 کیلۆمەتر. پڕۆژەکە دروستکردنی 10 پرد و 305 ئاوبەری جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، لەنێوان هەردوو پارێزگاکەدا رێژەی جێبەجێکردن گەیشتووەتە 84%.



