رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی گرفت لە بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کێشەی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی لە دهۆک سەریهەڵداوەتەوە. بەشێک لە دووکانداران بەهۆی پچڕانی کارەباوە زیانیان بەرکەوتووە و بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگاکەش دەڵێت، ناتوانن خشتەیەکی جێگیر بۆ پێدانی کارەبا دابنێن.
ئەندازیار حازم محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک، بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، "ئێستا دۆخی پێدانی کارەبای نیشتمانی ئاسایی نییە و کاتژمێرەکانی پێدان جێگیر نین؛ لە رۆژێکەوە بۆ رۆژێکی دیکە دەگۆڕێت، ئەمەش بەتەواوی بەپێی قەبارەی بەرهەمهێنانی بەردەست و لۆدی سەر تۆڕەکان دەگۆڕێت."
لە پارێزگای دهۆک، بەهۆی ناسەقامگیریی کاژێرەکانی کارەبا، ژمارەیەک لە دووکانداران و خاوەن مارکێتەکان دەڵێن، کاڵا و خۆراکی ناو ساردکەرەوەکانیان خراپ بوون و زیانی داراییان بەرکەوتووە.
سەبارەت بە هۆکاری ناسەقامگیریی کارەباکە، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، لەبەر دوو هۆکارە، هەم قەبارەی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم و زیاد دەکات، هەم لۆد و خواستی هاونیشتمانیانیش بەهۆی گەرماوە بەردەوام لە گۆڕاندایە، بۆیە ناتوانرێت خشتەیەکی جێگیری رۆژانە دابنرێ.
لەبارەی پڕۆژەی رووناکی (کارەبای 24 کاژێری) لە سنوورەکە، حازم محەممەد ئاشکرای کرد کە پڕۆژەکە نزیکەی 70%ی ناوچەکانی پارێزگای دهۆکی گرتووەتەوە، لەوانە سەنتەری دهۆک، قەزاکانی سێمێل، ئاکرێ و ئامێدی. هەروەها گوتیشی، "ئێستا قەزاکانی شێخان و بەردەڕەش بە تەواوی ماون کە نەچوونەتە نێو پڕۆژەکەوە، لەگەڵ زۆربەی ناوچەکانی قەزای ئامێدی، کە لەوێدا تەنیا سەنتەری قەزاکە و دەوروبەری لەگەڵ ناحیەی چەمانکێ کارەبای 24 کاژێرییان هەیە."
بەهۆی کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی، لە زۆربەی ناوچەکانی دهۆک و قەزاکانی، ئێستا زیاتر پشت بە مۆلیدە ئەهلییەکان دەبەسرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە کاتی پچڕانی کارەبادا دروست دەبێت.



