رووداو دیجیتاڵ
خاوەن بەنزینخانەکانی هەولێر لە زیادبوونی دیاردەی بەنزینفرۆشتن بە دەبە لەسەر شەقامەکان نیگەرانن. خاوەنی بەنزینخانەیەک دەڵێت، جگە لەوەی زیانی گەورەی داراییان پێگەیشتووە، لەلایەن ئەو بەنزینفرۆشانەوە هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکرێت. سەرۆکی شارەوانیی هەولێریش رایدەگەیێنێت، "رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر."
خاوەن بەنزینخانەیەک لە شاری هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەو بەنزینفرۆشانە سووتەمەنی لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە دەهێنن و لە چەند شوێنێکی جیاوازی وەک نزیک نەخۆشخانەی رۆژئاوا، رێگەی مامزاوا، بەرامبەر مەیدانی سووتەمەنیفرۆشان و سەر شەقامی 100 مەتری، لیترێک بەنزین بە 600 بۆ 700 دینار دەفرۆشن.
ئەو خاوەن بەنزینخانەیە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان ساڵانە باج، کرێی ساڵانە، پارەی کارەبا و ئاو دەدەن و مووچەی کارمەندانیان لەسەرە، بەڵام "ئەو بەنزینفرۆشانە بێ ئەوەی یەک دینار باج بدەن، بازاڕیان لێ تێکداوین. کاتێکیش قسەیان لەگەڵ دەکەین، لەسەر شەقامەکان هەڕەشەی کوشتنمان لێ دەکەن." داواش دەکات، حکومەت بەپەلە چارەسەری ئەو دیاردەیە بکات.
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "وەکو سەرۆکایەتیی شارەوانی، بە دڵنیاییەوە لێپێچینەوە و رێکاری تووندمان بەرامبەر ئەم دیاردەیە گرتووەتەبەر و بەردەوامیش بەدواداچوونی بۆ دەکەین."
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە لە سنووری شارەوانیی هەولێردا رێگە بەم دیاردەیە نادرێت و گوتی، "بۆ ئەم مەبەستە لێژنەی ئەمنی بەردەوام بەدواداچوون دەکات؛ هەر کەسێک بە دەبە لەسەر شەقامەکان بەنزین بفرۆشێت، رێکاری پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو حاڵەتانە بنبڕ بکرێن."



