رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر رایگەیاند، دووبارە دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە، راشیگەیاند، ئەوا کەسانەی پێشتر نۆرەی ڤیزەیان هەڵوەشاوەتەوە، دووبارە نۆرەیان بۆ دادەنێنەوە.
رۆژی دووشەممە 15ـی حوزەیران، کۆنسووڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر رایگەیاند: "کۆنسوڵگەریی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر دووبارە کرایەوە، بە بەشی ڤیزاشەوە. لەم قۆناخەدا سەرەتا ئەو نۆرانەی کە پێشتر هەڵوەشابوونەوە، بەپێی ریزبەندی کاتی خۆیان دادەنرێنەوە".
لە کاتی جەنگی 40 رۆژەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە 28ـی شووبات دەستیپێکرد، کاروباری کۆنسووڵخانەی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان راگیرا، ئەو کەسانەی نۆرەی وەرگرتنی ڤیزەی ئەو وڵاتەیان هەبوو، نۆرەکەیان هەڵوەشایەوە.
لە راگەیێندراوەکەی کۆنسووڵخانەی ئەڵمانیادا هاتووە، ئەوانەی پێشتر نۆرەیان گرتووە بۆ ڤیزە، "بەپێی کات و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وادەی نوێیان پێدەگات. دوای ئەم قۆناخە، جۆرە جیاجیاکانی دیکەی نۆرەکان بۆ ناونووسینی نوێ بەردەست دەبن".
کۆنسووڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر دەڵێت: "لە کاتی گونجاودا زانیاری سەبارەت بە کاراکردنەوەی سیستمی تۆمارکردنی وادە (بۆ نموونە بۆ بەشی خوێندن) بڵاودەكەینەوە. له هەمان کاتدا، ئێوە ئێستا دەتوانن ناوتان لە لیستی چاوەڕوانی نۆرەگرتن (بۆ نموونە بۆ یەکگرتنەوەی خێزان) تۆمار بکەن".
11ی ئاداری 2026، بەشی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا سەبارەت بە کارکردنی کارمەندانی کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، فەرمانبەرانی کۆنسووڵخانەی گشتی لە هەولێر نەماون.
بەشی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی: "بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکان لە ناوچەکەدا وەزیری دەرەوە بڕیاری دا بۆ پاراستنی فەرمانبەرانی وەزارەتەکە لە عێراق رێوشوێنی زیاتر بگرێتەبەر. لەم چوارچێوەیەدا فەرمانبەرانی کۆنسووڵخانەی گشتیی هەولێر بە شێوەیەکی کاتی بۆ دەرەوەی عێراق گوێزراونەتەوە".



