رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێویستە هاونیشتمانییان لە 20 رۆژدا بەشەخۆراکیان وەربگرن؛ بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن و مافیان نامێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 16-6-2026 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرجەم بریكارەكانی خۆراک ئاگادار كراونەتەوە، هەر كەسێک 20 رۆژ نەچێت بەشەخۆراكەكەی وەربگرێت، دوای ئەو ماوەیە مافی ئەوەی نامێنێت وەریبگرێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بەهۆی وەرزی گەرماوە ئەم بڕیارە دراوە. دەشڵێت: "بەشێک لە بریکارەکانمان شوێنەکەیان بۆ هەڵگرتنی خۆراک گونجاو نییە؛ بۆیە نابێ هاونیشتمان بابەتەکە پشتگوێ بخەن و خۆراکەکە بمێنێتەوە."
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەدا، "بە مانەوەی خۆراک لەنێو کۆگە و دووکانەکانی بریکارانی خۆراک، مادەکە تێکدەچێ و خراپ دەبێت. هاوکات هەندێ کەس، خۆیان کەمتەرخەمن، کەچی دوای چەند مانگێک داوای پارە لە بریکارەکان دەکەن."
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، "ئەگەر ئەو 20 رۆژە تێپەڕی، دەبێت هاونیشتمانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و كەلوپەلی خۆراک بكات و روونكردنەوە بدات؛ کە بۆچی لە کاتی خۆیدا بەشەخۆراكەكەی وەرنەگرتووە."




