رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گوندی باقوسێ لە سنووری ناحیەی گردەسێن گلەیی لە خراپیی رێگەی سەرەکی و پەککەوتنی پڕۆژەی ئاوی گوندەکەیان دەکەن. بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، پڕۆژەی چاککردنی رێگەکە رەزامەندیی لەسەر دراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سدیق سلێمان، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندی باقوسێ، سەبارەت بە گرفتەکانیان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "گوندەکەمان نزیکەی 500 ماڵە و رێگەکەمان زۆر خراپ بووە. ئەمە رێگەی سەرەکیی پێنج گوندی ناوچەکەیە کە بریتین لە (لەکان، بانۆڕا، باژێڕا و باقوسێ). پێشتر رێگەکە زفتڕێژ کرابوو، بەڵام ئێستا بەتەواوی تێکچووە و داواکارین دووبارە قیر بکرێتەوە."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بە کێشەیەکی دیکەش کرد و گوتی، "پڕۆژەی ئاوی گوندەکەمان لە وەرزی زستاندا بەهۆی باران و لافاوەوە تێکدەچێت و دەبێتە گرفتێکی گەورە بۆمان."
لە بەرامبەردا ئەحمەد سلێمان، بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن بە رووداوی راگەیاند، "پلان و پڕۆپۆزەڵی چاککردنی رێگەکە ئامادەیە و نێردراوەتە پارێزگای دهۆک. رەزامەندیی سەرەتاییشی بۆ وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی دۆخی دارایی و کێشەی بودجەوە، هێشتا تەندەری بۆ نەکراوە."
بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن ئاماژەی بەوەش کرد، کە تەنیا ئەو پڕۆژەیە نییە کە راوەستاوە، بەڵکو چەندین پڕۆژەی دیکەی رێگەوبان لە ناوچەکەدا هەن، کە بەهۆی کێشەی بودجە لەگەڵ بەغدا، جێبەجێکردنیان دواکەوتووە و چاوەڕوانی تەرخانکردنی پارە دەکەن.
ناحیەی گردەسێن سەر بە قەزای ئاکرێیە لە پارێزگای دهۆک، دانیشتووانی گوندەکانی ئەو ناوچەیە چەندینجار داوای باشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان کردووە.



