رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت، لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی خوێندکاران بۆ مەشقی هاوینە، 30 خوێندکار دەنێرێتە 5 وڵاتی عەرەبی و بە هەمان شێوەش پێشوازی لە 30 خوێندکاری ئەو وڵاتانە دەکات.
ئەمڕۆ 16-06-2026 سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە رووداوی گوت، "پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی خوێندکاران بۆ ئەم ساڵیش بەردەوامە و ئامادەکارییەکان بۆ ناردنی خوێندکاران و پێشوازیکردن لە خوێندکارانی وڵاتانی دیکە تەواو کراون."
بە گوتەی سامان عەبدوڵڵا، بەگوێرەی پڕۆگرامەکە زانکۆی سەلاحەدین خوێندکاران دەنێرێتە وڵاتانی ئوردن، عومان، میسر، یەمەن و فەلەستین؛ هاوکات هەر لەو وڵاتانەشەوە خوێندکار بۆ مەشقی هاوینە روو لە زانکۆی سەلاحەدین دەکەن.
ماوەی چوار ساڵە زانکۆی سەلاحەدین لە چوارچێوەی رێککەوتنە زانستییەکان و پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی، دەرفەتی مەشقی مەیدانی بۆ خوێندکارەکانی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دابین دەکات، بۆئەوەی ئاشنای ئەزموونی وڵاتانی دیکە ببن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی خوێندکاران، گوتەبێژی زانکۆی سەلاحەدین گوتی، "سەرۆکی زانکۆ نووسراو بۆ کۆلێژەکان بەرزدەکاتەوە، کۆلێژەکان بەگوێرەی زمانزانی و چەند پێوەرێکی دیکە ناوی خوێندکاران دەنێرن. ئێمەیش دووبارە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکەینەوە و لە فلتەریان دەدەین."
سامان عەبدوڵڵا دەشڵێت، "خوێندکاران لێرەوە بابەتی مێژوویی، کولتووری و فەرهەنگی ئامادە دەکەن و لەو وڵاتانە بە سیمینار پێشکێشی دەکەن؛ هاوکات ئەوانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بە هەمان شێوە بابەتی مێژوویی، کولتووری و فەرهەنگییان پێشان دەدرێت."
بە گوتەی سامان عەبدوڵڵا، ئەمە چوارەم ساڵە و بەنیازن ساڵانی دیکەش بەردەوام بن؛ "بە نیازین لە ساڵانەی داهاتوو ژمارەی خوێندکارەکان زیاد بکەین و هەوڵ دەدەین خوێندکارانمان سەردانی وڵاتانی ئەورووپی بکەن."




