رووداو دیجیتاڵ
کێشەیەکی نوێ لەنێوان شۆفێرانی هێڵی تاکسیی هەولێر - سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە و سەندیکا سەریهەڵداوە. شۆفێران باس لە کەمکردنەوەی هێڵەکان و گرانبوونی نرخ و کرێی هێڵ دەکەن، لە بەرامبەردا بەرپرسانی گواستنەوە و هێڵەکە دەڵێن، بڕیارەکە کاتییە و بۆ کارئاسانی و بووژاندنەوەی بازاڕی شۆفێران بووە.
شۆفێرێکی تاکسی: خاوەن هێڵەکان رێککەوتوون و ستەممان لێ دەکرێت
شۆڕش محەممەد عەباس، کە لە ساڵی 2015وە وەک شۆفێری تاکسی بە کرێ لەسەر هێڵی هەولێر - سۆران کار دەکات، بە رووداوی راگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتی خۆی 88 هێڵی دابەش کردووە، بۆئەوەی 88 هاووڵاتی ئیشی لەسەر بکەن، بەڵام ئێستا 3 یان 4 دەوڵەمەند گەراجی هەولێریان گرتووە و وایان کردووە بە یەک تاکسی دوو هێڵ بەکاربهێندرێت."
شۆڕش دەڵێت، ئەم بڕیارە نایاساییە و وای کردووە لەجیاتی 86 کەس، ئێستا تەنیا نزیکەی 40 کەس کار بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەم بڕیارەوە، نرخی کڕینی هێڵ لە 2000 دۆلارەوە گەیشتووەتە نزیکەی 6500 بۆ 7000 دۆلار، کرێی مانگانەی هێڵیش لە 30 هەزارەوە بۆ 100 هەزار دینار بەرز بووەتەوە. ئەو شۆفێرە جەختی کردەوە، چیدیکە بێدەنگ نابێت و سکاڵای گەیاندووەتە لایەنی پەیوەندیدار.
بەرپرسی هێڵی تاکسیی هەولێر - سۆران: بڕیارەکە بۆ هاوکاریی شۆفێرانە
لە لایەکی دیکەوە سەید عەزەددین حوسێن، بەرپرسی هێڵی تاکسیی هەولێر - سۆران، رەتیدەکاتەوە بڕیارەکە ستەم بێت و گوتی، "ئەو 86 تاکسییە پێشتر بەهۆی بێبازاڕییەوە بێکار بوون، جار هەبوو هەفتە یان 12 رۆژ جارێک نۆرەیان دەهات. بۆ هاوکاریی شۆفێران و بە رەزامەندیی وەزارەتی گواستنەوە، رێگەمان داوە هەر تاکسییەک لەسەر دوو هێڵ کار بکات." سەید عەزەددین ئاماژەی بەوەش کرد، سەرجەم ئەو 86 خاوەن هێڵە بەم بڕیارە رازین.
گواستنەوەی هەولێر: هاوکاریی خاوەن هێڵەکانمان کردووە
ئەندازیار عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "هاتووچۆ لەسەر هێڵی سۆران زۆر کەم بوو، خەڵک هەبوو دوو هەفتە جارێک نۆرەی بەردەکەوت و ژیانیان نەدەسووڕا. خاوەن هێڵەکان داوایەکیان پێشکێش بە ئێمە و سەندیکا کرد، ئێمەش رەزامەندییەکی کاتیمان پێداون کە دوو هێڵ لەسەر یەک تاکسی کار بکات."
سەبارەت بە کێشەی ئەو شۆفێرانەی بە کرێ کار دەکەن، بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر گوتی، "لەڕووی یاساییەوە کارئاسانی بۆ زۆرینە دەکەین. تەنیا 3 یان 4 شۆفێر کێشەیان هەیە کە هێڵەکان هی خۆیان نییە، لەڕووی یاساییەوە خاوەن هێڵ مافی هەیە مامەڵەی پێوە بکات. هیچ ستەمێکیان لێ نەکراوە و ئەمە قۆناخێکی کاتییە تاوەکو بازاڕەکە رێکدەخرێتەوە."



