رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێ، تەرمی ئەو هاونیشتمانییەی لە دەربەندی گۆمەسپان خنکابوو، دۆزرایەوە. بەرگریی شارستانیی هەڵەبجەش لە گەڕان بەدوای هاونیشتمانییەکدا لە ئاوی زەڵم بەردەوامە.
رۆژی 13ی حوزەیران، دوو کەس لە سەیرانگەی بۆگدی کۆیە و گۆمەسپان کەوتنە نێو ئاو. بەرگریی شارستانیی کۆیە 15ی حوزەیران رایگەیاند، ئەو کەسەی لە سەیرانگەی بۆگد خنکابوو، هاووڵاتییەکە بە ناوی عەبدوڵڵا نزار، تەمەنی 18 ساڵە، دانیشتووی کەرکووکە و تەرمەکەی دۆزرایەوە.
ئەمڕۆ موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی گوت، "تەرمی ئەو گەنجە پێشمەرگەیەی لە ئاوی دەربەندی گۆمەسپان خنکابوو، دۆزرایەوە و رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کرا."
هاوکات عەمید عابدین عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا تەرمی ئەو کەسە نەدۆزراوەتەوە کەوتە نێو ئاوی زەڵم."
عەمید عابدین عەبدولڕەحمان گوتی، لە هەوڵەکانیان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە داوا لە هاونیشتمانییان دەکات کە بۆ دۆزینەوەی ئەو منداڵە، خۆیان نەخەنە مەترسی و سەختییەوە و گوتی، "ئەگەر تیمەکانی خۆشمان ماندوو بن، داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە دەکەین و ئەوان تیممان بۆ دەنێرن."
9ی حوزەیران، منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ کە لەگەڵ خێزانەکەیدا بە مەبەستی گەشتکردن لە کەربەلاوە چووبوونە هاوینەهەواری زەڵم لە دەڤەری هەورامان لە پارێزگای هەڵەبجە، کەوتە ئاوەوە.




