رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی تەمەن 29 ساڵەی سنووری قەزای کۆیە، بەدەست نەخۆشییەکی دەگمەنی زگماکییەوە دەناڵێنێت کە بووەتە هۆی دروستبوونی 15 ئێسکی زیادەی گەورە لە جەستەیدا؛ تەندروستیی کۆیەش دەڵێت، چارەسەرەکەی لە توانای ئەواندا نییە.
دانا مەجید، دەرچووی بەشی مێژووی زانکۆی کۆیە و دانیشتووی گوندی "کانی بی"یە. ئێسکی زیادە لە ناوچەکانی بنباڵ، شان، ئەژنۆ، ران و بنی پێیدا هەیە.
دانا مەجید بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند: "15 ئێسکی زیادە لەسەر جەستەم هەن کە ژیانیان لێ تاڵ کردووم. ئێسکێکیان لە بنباڵمدایە بەقەد هێلکە قازێک دەبێت، دانەیەکی دیکەش لەسەر شانمە و بووەتە هۆی دەرچوونی شانی راستم."
بەهۆی ئەو نەخۆشییە دەگمەنەوە، گۆڕانکاری لە شێوەی جەستەی دانادا دروستبووە و دەڵێت: "قاچێکم خوار بووە و کورت و درێژی لە قاچەکانمدا دروستبووە، هەروەها
بەگوێرەی باڵام قۆڵەکانم کورتتر بوون."
دانا ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر خوشکێکیشی هەمان نەخۆشی هەبووە، بەڵام بە نەشتەرگەری چارەسەر کراوە. دانا ئێستا بەهۆی ئازارەوە نە دەتوانێت بە رێکوپێکی بڕوات و نە بخەوێت، دەشڵێت: "بەهۆی نەخۆشییەکەمەوە کەس کارم پێ نادات. باوکم کۆچی دوایی کردووە و شەش کەسین لە ماڵەوە، بژێویمان تەنیا لەسەر کارکردنی برایەکمە."
بەپێی گوتەی پزیشکان، تێچووی نەشتەرگەرییەکەی دانا لە کەرتی تایبەتدا دەگاتە 15 ملیۆن دینار، کە ئەوەش لە توانای خێزانەکەیدا نییە. لە نەخۆشخانە حکومییەکانیش
پێیان راگەیاندووە کە دەبێت بە چەند قۆناخێک و لە ماوەی سێ ساڵدا نەشتەرگەرییەکەی بۆ بکرێت، بۆیە دانا داوا لە وەزیری تەندروستی دەکات هاوکاری بکات.
تەندروستیی کۆیە: پێویستی بە لیژنەی باڵایە
دکتۆر شێروان جەلال، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کۆیە لەبارەی حاڵەتەکەی داناوە بە (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند: "ئەم حاڵەتە نەخۆشییەکی دەگمەنە و
پێویستی بە لیژنەیەکی پزیشکیی باڵا هەیە. بەداخەوە ئەو توانستە پزیشکییە لە نەخۆشخانەکانی کۆیەدا نییە بۆ ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە ئاڵۆزانە."
سەبارەت بە نەشتەرگەرییەکە بە یەک قۆناخ، دکتۆر شێروان روونیکردەوە: "لە رووی زانستییەوە زۆر زەحمەتە هەموو ئێسکەکان پێکەوە لاببرێن، چونکە جەستەی نەخۆشەکە
بەرگەی 7 بۆ 10 کاژێر سڕکردنی گشتی ناگرێت."
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کۆیە باسی لەوەش کرد کە پێویستە دانا سەردانی "نەخۆشخانەی شار" لە سلێمانی بکات، چونکە لەوێ لیژنەی پزیشکیی تایبەتمەند و
پزیشکی پسپۆڕ هەن بۆ دەستنیشانکردنی وردی هۆکارەکە و دیاریکردنی قۆناخەکانی چارەسەر.



.jpg&w=3840&q=75)