رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو بەهۆی لێچوونی گاز و کەوتنەوەی ئاگرەوە، 11 کەس لە زاخۆ بە بریندار بوون، یەکێک لە بریندارەکان زیاتر لە 90٪ی جەستەی سووتاوە و تەندروستیی ناجێگیرە.
رووداوەکە کاژێر 11ی شەو لە نێو ماڵێکی سەنتەری شاری زاخۆ روویداوە. موقەدەم جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی مدیایی رووداوی گوت: "خێزانێک ویستوویانە بە ساج لە ماڵەوە نان بکەن، نەیانزانیوە لێچوون لە گازەکە هەیە و لەگەڵ داگیرساندنیدا ئاگرەکە کڵپەی کردووە".
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ گوتی: "ئاگرەکە کورتخایەن بووە و دوای ئەوەی کڵپەی کردووە و نزیک مەترێک بەرزبووەتەوە کوژاوەتەوە، بەڵام چونکە ئەندامانی خێزانەکە هەموویان نزیکی ساجەکە بوون 11 کەس بریندار بوون".
سەبارەت بە رەوشی بریندارەکان، ئەمیر عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەکێک لە بریندارەکان رێژەی سووتانەکەی زیاترە لە 90% و تەندروستی باش نییە؛ بریندارەکانی دیکە رێژەی سووتاوییان نزیکەی 30%ـە.


