رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 9ـی حوزەیرانەوە 11 کەس لە باشووری کوردستان لە ئاودا خنکاون. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێ: "ئەم ساڵ ئاو زیاترە و نابێ کەسانی نەشارەزا مەلە لە شوێنە مەترسیدارەکاندا بکەن".
بەگوێرەی بەدوداچوونەکەی رووداو، ئەوانەی خنکاون 9 یان لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک بوون، تەرمی هەشتیان دۆزراوەتەوە و یەکێکیان لە قەزای کەلار چوار رۆژە گەڕان بۆ تەرمەکەی بەردەوامە؛ هەروەها یەک کەس لە کەرکووک و کەسێکیش لە قەزای خوورماتوو خنکاوە، کە لە رووی کارگێڕییەوە لە سنووری پارێزگای سەلاحەدینە.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە بەشێکی سەیرانگەکان تابلۆ دانراوە و نابێت بەهیچ شێوەیەک مەلەیان تێدا بکرێ، چونکە مەترسیدارە، بەڵام دیسانیش هەندێک کەس مەلەیان تێدا دەکەن".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێ: "ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشوو ئاو زیاترە، هەروەها ئاوەکانی هەرێمی کوردستان ساردن، ناکرێ گەشتیار و خەڵک بەگشتی بەبێ شارەزایی مەلەیان تێدا بکەن. ئەو ئاوانەیشی مەلەکردنیان تێدا قەدەخە نییە، پێویستە بەبێ هەبوونی رێبەرێکی شارەزا کەس مەلەیان تێدا نەکات".
موقەدەم شاخەوان رێنوێنی دایکان و باوکان دەکات لە سەیرانگەکان زیاتر ئاگاداری منداڵەکانیان بن و دەڵێ: "زۆرینەی ئەو کەسانەی ئەم ساڵ خنکاون تەمەنیان خوار 18 ساڵە، بۆیە ئەرکی دایک و باوکە زیاتر چاودێریی منداڵەکەی بکات".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، ئەم ساڵ لە سنووری هەولێر حەوت کەس لە ئاودا خنکاون.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دوێنێ لە راگەیێندراوێکدا داوای کرد، ئەو شوێنانەی تابلۆی قەدەخەکردنی مەلەیان تێدایە بەهیچ شێوەیەک مەلەیان تێدا نەکرێ؛ هەروەها ئەم رێنماییانەی خستووەتەڕوو:
- لە ئاوە کەم قووڵەکاندا، لە بەرزاییەوە خۆ هەڵنەدرێتە نێو ئاوەوە.
- جلی رزگاربوون لەکاتی مەلە بەکاربهێنن
- لە شوێنە چاودێرینەکراوەکاندا مەلە نەکرێ
- ئاگاداری دۆخی کەشوهەوا و ئاوەکە بن پێش مەلەکردن
- منداڵ لە نزیک ئاو جێنەهێڵدرێ
- پێش مەلەکردن مادەی سەرخۆشکەر بەکارنەهێندرێ



