رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە، دوو رۆژە سەتان کەس کە لە دەروازەی باشماخەوە چوونەتە ئێران و رۆژهەڵاتی کورستان یان لەوێوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە. دەروازەکە دەڵێ، "کێشەکە چارەسەر کرا."
دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "کێشەی سیستمی ئەلیکترۆنی لە دەروازەی باشماخ لەدیوی ئێران چارەسەرکرا و هاتووچۆی گەشتیاریی و بازرگانی کراوەیە و ئاسایی بووەتەوە، وەک رۆژانی پێشوو."
18ی حوزەیران هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی باشماخ راگیرا. دەروازەکە رایگەیاند، "راگرتنەکە بەهۆی کێشەوە بوو لە دیوی ئێرانەوە."
لە هەرێمی کوردستان جگە لە باشماخ، دوو دەروازەی دیکەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەن، کە حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر و پەروێزخانن لە پارێزگای سلێمانی.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دوو رۆژی رابردوودا و ئەمڕۆ هاتووچۆ لە دەرەوازەکەیان ئاساییە و کێشەی تەکنیکییان نەبووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە دەروازەی پەروێزخان لە پارێزگای سلێمانی، لە دوو رۆژی رابردوو هاتووچۆ ئاسایی بووە.



