رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووان و ریشسپییانی هەردوو گوندی کۆیلێ و ئێنزێ لە سنووری قەزای پشدەر، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا نوێترین هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە کەیسی بێسەروشوێنبوونی منداڵەکەیان (یاد سەرباز) راگەیاند و جەخت دەکەنەوە کە بێدەنگ نابن تاوەکو چارەنووسی روون دەبێتەوە.
رۆژی شەممە، 20ی حوزەیرانی 2026، خزمان و ریشسپییانی هەردوو گوندی کۆیلێ و ئێنزێ راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای ئەنجامدانی دوو دانیشتنی هاوبەش، بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە بڕیارمانداوە کە خەم و سۆراخی ئەم منداڵە بێتاوانە لە ئەستۆی هەردوولاماندا بێت."
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی (یاد)، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەردوولامان بە ئومێدی ئەوەین کاکە یاد سەرباز لە ژیاندا مابێت و سەلامەت بێت، بەڵام بەڵێن دەدەین کە کۆڵ نادەین و بێدەنگ نابین لە کەیسی ونبوونی منداڵەکەمان."
خزمانی هەردوو گوندەکە هۆشداری دەدەنە هەر لایەن و کەسێک کە پەیوەندی بەو کەیسەوە هەبێت و دەڵێن: "بەڵێن دەدەین هەر کەسێک دەستی هەبێت لەم کەیسەدا، رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سوپاسی پەرۆشیی خەڵک و ماندووبوونی دەزگا ئەمنییەکان و ئاسایش کراوە، هاوکات ئاماژە بەوە دراوە کە ئێستا چاوەڕوانییەکان بە ئاراستەی پزیشکی دادن: "بە هەموو کوردستانی رادەگەیێنین کە ئێمە چاوەڕێی پزیشکی دادی و دوایین ئەنجامی پشکنینی DNA دەکەین."
یاد سەرباز، ئەو منداڵەیە کە ماوەیەکە لە سنووری ناوچەی پشدەر ونبووە و بێسەروشوێنبوونی کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووەتەوە. لەدوایین لێدوانی باوکی بۆ رووداو گوتی: "چەند پارچە ئێسکێک دۆزراوەتەوە لەگەڵ جلوبەرگی کوڕەکەم بەڵام چاوەڕێی پشکنینی DNA دەکەین تاوەکو یەکلایی بکاتەوە."

.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
