رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە خنکانی محەممەد سەعدەدین هادی، خوێندکاری کورد لە چین دەستی پێکردووە.
بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی گوتەبێژی کونسوڵخانەکە، "درەنگی شەوی 8ـی ئەیلوولی 2026، کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری میللیی چین لە هەولێر ئاگادار کراوەتەوە کە محەممەد سەعدەدین هادی، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی ئۆشن لە چین، بە شێوەیەکی دڵتەزێن خنکاوە."
رۆژی سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، تەرمی محەممەد سەعدەدین هادی، مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە و خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی ئۆشیانی چین، کاژێر 05:56ـی بەیانی لە رووبارێکدا دۆزرایەوە.
کونسوڵخانەکە لە راگەیێندراوەکەدا سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی خوێندکارەکە دەکات.
گوتەبێژی کونسوڵخانەکە دەڵێت: "کونسوڵخانەی گشتی گرنگییەکی زۆر بەم بابەتە دەدات و دەستبەجێ پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار لە چین کردووە بۆ زانینی وردەکاریی زیاتر."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان، دەسەڵاتدارانی ئاسایشی گشتیی خۆجێیی و زانکۆکە دەستبەجێ تیمێکی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەپێی یاسا و رێکارە پەیوەندیدارەکان."
کونسوڵخانەی چین لە هەولێر ئاماژە بەوەش دەکات، لایەنە پەیوەندیدارەکانی چین لە پەیوەندییەکی بەردەوام و نزیکدان لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە چین و هەر کە لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان هات، زانیاریی زیاتر دەخرێتەڕوو.
هاوکات کونسوڵخانەکە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات لە کاتی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکاندا، "بە تەواوی رێز لە تایبەتمەندیی کۆچکردوو و بنەماڵەکەی بگرن و لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و بۆچوونی پشتڕاستنەکراوە خۆیان بەدوور بگرن."
هاتووە کە کونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر ئامادەی تەواوی خۆی نیشانداوە بۆ پێشکەشکردنی سەرجەم هاوکارییە مرۆییە پێویستەکان بە بنەماڵەی کۆچکردوو تاوەکو گەشتی چین بکەن بۆ بەدواداچوون و رایییکردنی رێکارەکانی دوای ئەم رووداوە دڵتەزێنە.



