رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هەولێر دەڵێ، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاسایشی شاری هەولێر ئەو سێ کەسەمان دەستگیرکرد کە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری BMW لە شەقامەکان تەقەیان دەکرد و ئاژاوەیان دەنایەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند: بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ (بەڕێوەبەرایەتی ئاسايشی هەولێر) ،سێ تۆمەتبار بەناوەکانی (أ ، خ ، أ)و ( م ، ل ، أ) و ( م ، أ ، ع ) دەستگیر کراون.
بە گوێرەی راگەیێنراوەکەی پۆلیسی هەولێر، تۆمەتبارەکان لە رێککەوتی 10ـی ئەیلوول لە شەقامەکانی شاری هەولێر بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (BMW) لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەستاون بە تەقەکردن و درووستکردنی ئاژاوە و پشێویی.
سەبارەت بە تۆمەتبارەکانی دیکە، پۆلیسی هەولێر زیاتر گوتی: لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە رووداوەکە بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی سەرجەم تۆمەتبارەکان و دەست بەسەر ئۆتۆمبێل و چەکەکەیاندا گیراوە.



