رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێ، دانانی پێوەری ئاو بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دەستیپێکردووە و چیدیکە لەسەر بنەمای مەتر دووجا و رووبەری یەکەکان پارە لە هاونیشتمانییان وەرناگیرێ.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "پرۆژەی بەستنەوەی ئاوی هەولێر بە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و دانانی پێوەری ئاو لە هەولێر ٪80ی کارەکانی تەوابووە و ئاو گەیێندراوەتە بەردەم زۆربەی پرۆژەکان."
ئاری ئەحمەد گوتی: "پێشتر پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەسەر بنەمای مەتر دووجا و بەپێی رووبەری شووقە یان خانووەکە پارەیان لە هاونیشتمانییان وەردەگرت. پارەکەش بە گوێرەی رێنمایی دەدرایە کۆمپانیای خزمەتگوزاریی پرۆژەکە. بەڵام دوای بەستنی پێوەرەکە هاوشێوەیەی ماڵەکانی هەولێر و بە گوێرەی بەکارهێنان، حکومەت پارەی ئاو لە هاونیشتمانییان وەردەگرێ."
سەبارەت بە ژمارەی ئەو شوقە و خانووانەی لە نێو پرۆژەکاندان، ئاری ئەحمەد روونی کردەوە، "تەنیا لە هەولێر نزیکەی 100 هەزار هاوبەشی ئاو لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوونن، کە بە گوێرەی مەتر دووجا و رووبەری یەکەکە بەبێ پێوەر ئاویان پێ دەفرۆشرا".
سەبارەت بە تەواوبوونی پرۆژەکە، بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئێستا تۆڕی ئاو گەیشتووتە بەردەم دیواری ٪80ی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، ئێستا چاوەڕوانی هاونیشتمانییانین بێن و مامەڵەی پێوەری ئاو بکەن، هەر پرۆژەیەکیش ٪80 یەکەکان پێوەری ئاوی بۆ دابنرێ، راستەوخۆ تۆڕی ئاوەکەی بۆ دەکرێتەوە.
دانانی پێوەری ئاو پێشتر لە سلێمانی و هەڵەبجە کراوە. بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە، "لە ماوەیەکی نزیکدا لە هەولێر و سەرجەم گوندەکان هاونیشتمانییان بە گوێرەی پێوەر پارەی ئاویان بۆ دێتەوە."



