رووداو - رادیۆ
پڕۆژەیەکی خێرخوازی بۆ دروستکردنی چوار هۆڵی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندی (کۆماری) لە شاری هەولێر، سەرەڕای تەواوبوونی کارە بیناسازییەکانی، بەهۆی دابیننەکردنی ئامێر و کەرەستەی پزیشکییەوە، نزیکەی دوو ساڵە نەکەوتووەتە کار؛ تەندروستیی هەولێریش هۆکارەکەی بۆ دواکەوتنی رەزامەندیی وەزارەتی دارایی دەگەڕێنێتەوە.
بێوار کەوکەس عومەر، جێبەجێکاری پڕۆژەکە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندیی کۆماری، چوار هۆڵی پێشکەوتووی نەشتەرگەریمان دروستکردووە. تێچووی گشتیی پڕۆژەکە زیاتر لە 450 هەزار دۆلار بووە، کە تەواوی پارەکەی لەلایەن خاتوونێکی خێرخوازەوە بە ناوی 'ئەمەل محەممەد' دابینکراوە."
بێوار ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆژەکە بە رەزامەندیی فەرمیی وەزارەتی تەندروستی بووە و لە ناوەڕاستی ساڵی 2023ـەوە دەستیپێکردووە، گوتیشی: "ئێمە هۆڵەکانمان بە کوالێتییەکی بەرز و بە تەواوەتی رادەست کردووە، بڕیار وابوو وەزارەتی تەندروستی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکانیان بۆ دابین بکات، کەچی نزیکەی دوو ساڵە لە نێوان رۆتینی فەرمانگەکاندا کاتمان پێ دەکوژن و هۆڵەکان بە داخراوی ماونەتەوە."
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی دەست رووداو کەوتووە، کۆنووسی پڕۆژەکە پشتبەست بە فەرمانی کارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر (ژمارە 5405 لە 8ی حوزەیرانی 2023) رێکخراوە و لە نێوان لیژنەی ئەندازیاری و نوێنەری خێرخواز واژۆ کراوە، سەرەتا تێچووەکە بە 250 بۆ 300 هەزار دۆلار دیاریکرابوو، بەڵام بە گوتەی جێبەجێکارەکەی، بەهۆی گۆڕانکاریی ئەندازیاری و بەرزکردنەوەی کوالێتیی هۆڵەکان، تێچووەکەی گەیشتووەتە 450 هەزار دۆلار.
تەندروستیی هەولێر: چاوەڕێی رەزامەندیی وەزارەتی دارایی دەکەین
سامان سلێمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، بۆ رادیۆی رووداو پشتڕاستی کردەوە کە بینای هۆڵەکان بەتەواوی تەواو کراوە و گوتی: "پڕۆژەی تەندروستی لە دوو بەش پێکدێت: بینا و ئامێر؛ بەشی بیناکە جێبەجێ کراوە، بۆ دابینکردنی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکانیش نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردووە تاوەکو رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بودجەکەی بدات."
گوتەبێژی تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، ئێستا لە چاودێریی دارایی و بەشی ژمێریاری سەرقاڵی رێکارەکانن و گوتیشی: "سەرەڕای ئەوەی بەهۆی دۆخی داراییەوە بەشێکی زۆری پڕۆژەکان سست بوون، بەڵام کەرتی تەندروستی لەپێشینەی کارەکانە و ئومێدەوارین بە زووترین کات بودجەکە پەسند بکرێت و هۆڵەکان بخرێنە خزمەتی نەخۆشانەوە."


