رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی هاونیشتمانییان روو لە کڕینی هیتەر دەکەن. خاوەنی کۆمپانیایەک لە هەولێر دەڵێ، زۆپایەک و بەرمیلێک نەوت بە 600 هەزار دینارن و هیتەرێک 25 دۆلارە، بۆیە خەڵک ئەوەی دووەم هەڵدەبژێرێ. کاسبکارێکیش لە سلێمانی دەڵێت، فرۆشی ئەو ئامێرانەی بۆ گەرمکردنەوە بە نەوت کار دەکەن بووەتە سفر.
حاجی فاخیر خەیلانی، خاوەنی کۆمپانیای یەشار گرووپ لە هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیتەری ئێستا وەک رابردوو نییە و کارەبای کەمی دەوێ، بۆیە خەڵک زیاتر دەیکڕن و بەگوێرەی پێویستیی خۆیان کاری پێدەکەن".
کۆمپانیاکەی حاجی فاخیر خەیلانی هیتەر بە تاک و کۆ دەفرۆشێت و دەڵێت: "جۆرێک هیتەرمان هەیە چوار پلەی کارکردنی هەیە، یەک پلە کاربکات 24 کاژێر نەکوژێتەوە، یەک ئەمپێر کارەبای دەوێ؛ ئەگەر لە پلەی دوو دابنرێ، ئەوا دوو ئەمپێری دەوێ و هەر پلەیەک سەربکەوێ، ئەمپێرێک زیاتر کارەبای دەوێ".
بەگوێرەی خەمڵاندنی ئەو بازرگانەی ئامێرە کارەباییەکان، تەنیا لە هەولێر و دەوروبەری رۆژانە زیاتر لە هەزار هیتەر دەفرۆشرێن؛ ئاماژەی بەوەکرد: "زۆپایەکی کواڵیتی بەرز 370 هەزار دینارە، بەرمیلێک نەوت زیاتر لە 300 هەزار دینارە، لەکاتێکدا هیتەرێکی باش دەدەینە 25 دۆلار".
ئارێز فەرەیدوون، خاوەنی فرۆشگای ئارێز لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئێمە ئامێرەکانی گەرمکەرەوە بە سووتەمەنی وەک نەوت و گازیش دەفرۆشین، بەڵام فرۆشیان بووەتە سفر. ئەوەی هەیە خەڵک هیتەرەکان زیاتر دەکڕێ، ئەویش ئەوانەی کارەبایان کەم دەوێ".
ئارێز فەرەیدوون گوتی: "کڕیار هیتەرێک دەکڕێ لە 30 بۆ 50 هەزار دینار و دەڵێت، پارەی کارەبا مانگانە کەمێک زیادیش بێتەوە دەدرێت و باشترە لەوەی بەرمیلێک نەوت بە زیاتر لە 300 هەزار دینار بکڕێ و زۆپایەک بە زیاتر لە 350 هەزار دینار".
ئەو کاسبکارەی شاری سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هیتەرەی ئەمڕۆ دەیفرۆشن بە پلەبەندی کارەبا کار دەکات و لە 100 واتەوە دەستپێدەکات تاوەکو هەزار وات و خەڵک خۆی دەتوانێت پلەکەی دیاری بکات؛ گوتیشی: "هیتەری گەورە و کۆن کەس نایکڕێ، ئەوەی کڕیاری هەیە ئەوانەن کارەبای کەمیان دەوێ".
لە سەنتەری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کارەبای نیشتمانیی لەژێر ناوی "پڕۆژەی رووناکی" کراوەتە 24 کاژێری. بەگوێرەی پڕۆژەکە، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کارەبای تەواوی هەرێمی کوردستان بکرێتە 24 کاژێری و ئەو ناوچانەشی وەکو هەولێر و دهۆک بڕانی کارەیان هەیە کێشەکانیان چارەسەر بکرێ.


