رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئیدارەی گەرمیان دەستگیرکردنی پیاوێکی تەمەن 45 ساڵانی راگەیاند، کە بۆ ماوەی زیاتر لە شەش ساڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا بە فێڵ خۆی وەکو ژن ناساندووە و لەژێر ناوی هەڕەشەدا پارەیەکی زۆری لە هاووڵاتییان وەرگرتووە.
عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا هاووڵاتییەک سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیانی کرد و سکاڵای یاسایی تۆمارکرد دژ بە کەسێکی نەناسراو، کە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵ بوو لە رێگەی دوو ژمارە مۆبایلەوە، لەژێر هەڕەشە و خەڵەتاندن دا و بە ناوی ئافرەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پارەیەکی زۆری لێسەندبوو."
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد، بەدواداچوون و وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، هێزەکانیان توانییان تۆمەتبار (ئـ. ح. ڕ.) دەستگیر بکەن.
بە گوتەی عەقید سۆران، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەپێی مادەی 452 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەر کراوە، لێکۆڵینەوەش لەگەڵی دا بەردەوامە.
هاوکات، پۆلیسی گەرمیان داوا لە هاووڵاتییان دەکات، هەر کەسێک بە هەمان شێواز لەلایەن ئەم تۆمەتبارەوە فێڵی لێکراوە یان زەرەرمەند بووە، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بکات بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی، ئاماژە بەوەش دەکات کە ژمارە تەلەفۆنەکانی تۆمەتبار بۆ ناسینەوە لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوان پارێزراون.
.png&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)
